
مایک ئیڤانز، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکیی دەڵێت، شازادە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە، لە میانەی دیدارێکی تایبەتدا پێی ڕاگەیاندووە کە ئامادەیە “ئەمڕۆ” دان بە ئیسرائیلدا بنێت، بەڵام باوکی، شا سەلمان هێشتا وەک کۆسپێک ماوەتەوە، ئەمەش بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی “جیرۆزالیم پۆست” ڕۆژی دووشەممە لە کاتی سەردانەکەی ئیڤانز بۆ ئیسرائیل بڵاویکردەوە.
ئیڤانز، دامەزرێنەری ڕێکخراوی مەسیحیی “دۆستانی زایۆن”ـی پاڵپشتیکاری ئیسرائیلە، ئەو گوتیشی: “کە لەگەڵ شازادەی جێنشین قسەم کرد، پێی گوتم کە هەر ئەمڕۆ دان بە ئیسرائیلدا دەنێت، بەڵام گوتی کێشەکەی لە باوکیدایە”.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کۆبووەتەوە، بە ئامادەبوونی برای شازادەی جێنشین و وەزیری دەرەوەی سعوودیە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە براکەشی هەڵوێستێکی هاوشێوەی دەربڕیوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باسی لە خواستی خۆی کردووە بۆ هاندانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ پەیوەستبوون بە “ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم” و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
ڕۆژی دووشەممە ترەمپ گوتی، وڵاتانی وەک قەتەر، پاکستان، میسر، ئوردن و تورکیا پێویستە پەیوەست بن بە ڕێککەوتننامەکانەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە ئامانج لێیان گەیشتنە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران. بەپێی ئاژانسی “رۆیتەرز”، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژی شەممە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەم وڵاتانە قسەی کردووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” ئاشکرای کرد کە ترەمپ داوای لە سەرکردەی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی کردووە، لە نێوانیاندا سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر، ئوردن و بەحرەین، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، ئەوەش لە دوای ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران.
ئیڤانز پێی وایە داواکارییەکەی ئەو سەرکردە کۆمارییە “جدییە”، و گوتیشی: “ئێستا ترەمپ خاوەنی هەژموونێکی گەورەیە بەسەر سعوودیەدا، و هیچ گومانێکم نییە کە سەرۆک پلانی هەیە ئەوە جێبەجێ بکات”.
لەپاڵ ئەوەشدا، ئاشکرای کرد کە شازادەی جێنشینی سعوودیە لە میانی گفتوگۆ تایبەتەکەیاندا “زۆر ڕەخنەگر” بووە بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان، و گوتیشی کە محەممەد بن سەلمان گوتوویەتی فەڵەستینییەکان “پارەکانی ئێمەیان بەهەدەر داوە”، و پێویست بوو لەبری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، “ئەزموونی ئیسرائیل لەبەر بگرنەوە”.
هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە بن سەلمان بیرۆکەی دابەشکردنی قودسی بۆ دوو پایتەخت ڕەتکردووەتەوە، و گوتوویەتی: “کاتێک باسی لە قودس کرد، گوتی ئەگەر دوو پایتەختی تێدا بێت، ئەوا یەکێکیان دەبێتە پایتەختی تیرۆر”، هەروەها گوتیشی کە ئەو “زیاتر لە بەشێکی زۆری خودی جوولەکەکان، وەک پاڵپشتیکارێکی ئیسرائیل دەردەکەوت”.
ترەمپ لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئەندازیاری “ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم” بوو، کە تێیدا ئیمارات و بەحرەین لە ساڵی 2020 پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، دواتر مەغریب و سوودانیش بەدوایاندا هاتن. سعوودیەش وەک گەورەترین دەستکەوت بۆ بەرفراوانکردنی ئاساییکردنەوە سەیر دەکرێت، هەرچەندە ڕیاز بە ئاشکرا داننان بە ئیسرائیلی بەستووەتەوە بە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا.
سەرەڕای ئەوەش، ئیڤانز گوتی کە ئەو قەناعەتی وایە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کۆسپە ڕاستەقینەکەی بەردەم داننانی سعوودیە نییە بە ئیسرائیلدا، و گوتیشی: “بە ڕاستی پێموایە شتەکان گۆڕاون، و پێشم وا نییە محەممەد بن سەلمان کێشەی لەگەڵ ئەوەدا هەبێت، باوەڕم وایە ئەو کارە دەکات، هەروەها پێشم وایە ترەمپ جدییە”.
پێشی وابوو کە فراوانکردنی “ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم” لە ئێستادا بەشێکە لە “شەڕێکی هەرێمیی بەرفراوانتر دژی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، بەتایبەتی ئیخوان موسلمین”.
ئیڤانز بەرگری لە شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ ئێران کرد، لە سایەی ئەو نیگەرانییەی ئیسرائیل لەو ڕاپۆرتانەی کە باسیان لە ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو دەکرد، و گوتی: “هیچ سەرۆکێک لە مێژوودا نییە هێندەی ئەم سەرۆکە کاری بۆ ئیسرائیل کردبێت”.
هۆشداریشیدا لەوەی کە ئێران “هەڵەیەکی گەورە” دەکات ئەگەر هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی ترەمپ بدات، و گوتیشی: “پێم وا نییە ئێران بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، ئەگەر هەوڵی فێڵکردنیشی لێ بدات، ئەوا دەگەڕێتەوە و لێیان دەدات”.





