سیخوڕێکی بەناوبانگی ئیسرائیل داوا دەکات وڵاتەکەی خۆی بۆ هێرشکردنەسەر تورکیا ئامادە بکات

سیخوڕی بەناوبانگی ئیسرائیلی جۆناسان پۆلارد ئاماژە بەوە دەکات کە میسر و تورکیا ئامانجەکانی داهاتووی جەنگ دەبن لەگەڵ وڵاتەکەیدا.

جۆناسان کە ئیسرائیلی-ئەمریکییە دەڵێت: “دڵنیا نیم لەوەی کە لەگەڵ تورکەکاندا هێندەی ئێرانییەکان کارەکەمان ئاسان بێت”

جۆناسان پۆلارد، سیخوڕی ئیسرائیلی-ئەمریکی، لە پۆدکاستێکی دەزگای هەواڵی “عەروتس شێڤا” ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر میسر و تورکیا. داواشیکردووە، پێویستە خۆی ئامادە بکات بۆ جەنگەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ئێران.

ئەو گوتی: “دڵنیا نیم لەوەی کە لەگەڵ تورکەکاندا هێندەی ئێرانییەکان کارەکەمان ئاسان بێت، بەڵام دەبێت ئامادە بین بۆ جەنگی داهاتوو، کە پێدەچێت دژی تورکیا و میسر بێت. زریانەکە بەرێوەیە”.

هەروەها هۆشداریشی دا لەوەی کە ئیسرائیل ڕێگە بدات حکومەتی ڕاگوزەری سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، ئەو ناوچانەی باشوور کۆنتڕۆڵ بکاتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە داگیرکراون، سیخوڕە ئیسرائیلیەکە ڕایگەیاند ئەوە لە ڕووی کردارییەوە وا دەکات “تورکەکان لەسەر سنوورەکانمان بن”.

پۆلارد بەهۆی فرۆشتنی نهێنییەکانی ئەمریکا بە ئیسرائیل لە ساڵی 1984دا، بە 30 ساڵ زیندانیکردن لە ئەمریکا سزادرا، دوای ئازادکردنی لە ساڵی 2015 ئەمریکای بەرەو ئیسرائیل بەجێهێشت.

لەو کاتەوەی ڕووی لە ئیسرائیل کردووە و وڵاتینامەی وەرگرتووە، پۆلارد بووەتە پاڵپشتیکار و هاوڕێی ئیتامار بن گەڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی و پشتگیری لە بانگەشەکانی پاکتاوی نەتەوەیی لە فەلەستین دەکات.

هەریەک لە میسر و تورکیا بۆ چەندین دەیە پەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی هێرشەکانی سەر غەززەوە ئەو پەیوەندییانە زیاتر ئاڵۆز بوون.

تورکیا یەکەم وڵاتی زۆرینە موسڵمان بوو کە لە ساڵی 1949دا دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا، هەردوو وڵات لە مێژووی هاوچەرخیاندا پەیوەندیی بەهێزی ئەمنی و بازرگانییان لەگەڵ ئیسرائیلدا پاراستووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە دوای هێرشەکەی ساڵی 2010 بۆ سەر کەشتیگەلی مەڕمەڕە، کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر کەشتییەکی تورکی کە هاوکاریی دەگەیاندە غەززە و 10 کەسی لە سەرنشینەکانیان کوشت، گرژییەکان توندتر بوون.

دوایین هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ئەیلوولی 2023دا – کە تێیدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نیویۆرک بۆ یەکەمین جار یەکتریان بینی و تەوقەیان کرد، مانگی دواتر و لە دوای هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەم بە سەرۆکایەتی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و کۆمەڵکوژییەکانی دوای ئەوە لە غەززە، هەوڵە ئاشتەواییەکەی ئیسرائیل و تورکیا هەرەسی هێنا.

لەو کاتەوە، لێدوانی سیاسەتمەدارانی هەردوو وڵات توندتر بووە، و نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە مانگی ئازاردا تورکیای بەوە وەسف کرد کە ئەگەری هەیە ببێتە “ئێرانی داهاتوو”.

میسریش لە لای خۆیەوە، لە دوای زنجیرەیەک شەڕ لە نێوان هەردوو وڵاتدا، لە ساڵی 1979ەوە پەیوەندی و پەیماننامەیەکی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلدا پاراستووە.

پۆلارد بە پۆدکاستەکەی ڕاگەیاند کە “هیوادارە” ئیسرائیل نەچێتە جەنگەوە لەگەڵ میسر یان تورکیا، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە “هیوا کۆتا شەیتان بوو کە لە سندووقەکەی پاندۆرا هاتە دەرەوە”.

Back to top button