بەهۆی ڕوباری فوراتەوە سووریا و عێراق دەچنە نێو بازنەی مەترسییەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، دەسەڵاتدارانی سووریا جەختیان لەوە کردەوە کە تیمەکانی بەهاناوەچوونی حکومی ڕووبەڕووی دۆخێکی بێپێشینە بوونەتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات لە هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە. ئاماژەیان بەوەشکرد کە قەیرانی ئێستا هۆکاری ئاڵۆزی جوگرافی، لۆجستی، ژێرخانی و مرۆیی تێدا تێکەڵ بووە، لە کاتێکدا پاراستنی گیانی هاووڵاتییان وەک لەپێشینەترین کار دەمێنێتەوە.

عەلی حەمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و ژینگەی سووریا دەڵێت، ناوچەی زیانکەوتوو بە درێژایی زیاتر لە 200 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، کە لە باشووری ڕۆژئاوای ڕەققە دەست پێدەکات، بە هەردوو کەنارەکانی فوڕات لە گوندەوارەکانی دێرەزوور تێدەپەڕێت، تا دەگاتە ناوچەی مەراشدە لە ئەلبوکەمال لە نزیک سنووری عێراق.

ناوبراو زیاتر گوتی: تیمەکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبنەوە، چونکە ئاستی ئاوەکە نزیکەی هەر شەش کاتژمێر جارێک دەگۆڕێت، ئەمەش وا دەکات کە هەڵسەنگاندنی مەیدانی بەردەوام کارێکی پێویست بێت.

حەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانەکە لاوازیی ژێرخانی کەڵەکەبووی ساڵانی جەنگی دەرخستووە، باسی لە بوونی پردی وێرانبو و وێستگەی کۆنی ئاو و بەربەستی خۆڵ کرد کە بە دەستپێشخەریی خەڵک دروستکراون، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە ئەم لاوازییەی دروست نەکردووە بەڵکو بە توندی دەریخستووە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پرۆسەکانی گواستنەوەی ئامێرە قورسەکان لە پارێزگاکانی حەلەب، ئیدلب، حەما و حومسەوە بۆ ناوچەکانی کارکردن، بارێکی قورسی بۆ حکومەتی سوریا دروستکردووە، لە کاتێکدا کە کارمەندە تەکنیکی و فریاگوزارییەکان بە سیستەمی 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا لە بارودۆخێکی سەختدا کار دەکەن.

لە گوندەوارەکانی ئەلبوکەمال، ناوچەی مەراشدە خرایە لیستی ئەو ناوچانەی کە هەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەرە، لە کاتێکدا گەڕەکی تەیار لە باشووری ڕۆژئاوای ڕەققە وەک زۆرترین زیانلێکەوتوو هەژمار دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئاو گەیشتە ڕێگاوبانەکان و هەندێک لە ماڵەکان.

بەرپرسە سوورییەکە دووپاتی کردەوە، کە هەڵسەنگاندنی ژینگەیی گشتگیر دوای کشانەوەی ئاوەکە دەکرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەماهەنگیی تەکنیکی لەگەڵ لایەنی عێراقی بەهۆی سروشتی هاوبەشی ڕووباری فوڕات.

لە لایەکی ترەوە موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، جەختی لە ئامادەیی عێراق کردەوە بۆ لەخۆگرتنی ئەو شەپۆلە لافاوە چاوەڕوانکراوەی لە سووریاوە دێت، و دڵنیاییدا لەوەی کە داتاکان هیچ مەترسییەک دروست ناکەن بۆ دروستبوونی لافاو لە ڕووباری فوڕاتدا.

Back to top button