
حکومەتی فیدراڵ لەڕێگەی وەزیری دارایی عێراقەوە، ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوەتەوە کە پابەند بێت بە ڕادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی مانگانە، ئەگەر نا هەر کورتهێنانێک لەو داهاتەدا، لەو پارەیە پڕدەکرێتەوە کە مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، وەزیری دارایی عێراق داوایکردووە هەرێمی کوردستان پابەند بێت بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتەکەی سودانی بۆ ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ کردویەتی، تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت.
ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر داهاتی ناوخۆ لەگەڵ بەغدا بکات، بەڵام گرفتی گەورەی بەردەمی ئەوەیە، حکومەتی هەرێم کاربەڕێکەرە و دەسەڵاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێی نییە.
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی گوتوە: هەر کورتهێنانێک لە ناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە کەمکردنەوەی کۆی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پڕ دەکرێتەوە.





