
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیایەکی زیرەک کە تێچووی خستنەخوارەوەی درۆنەکان لە ملیۆنان دۆلارەوە بۆ تەنیا چەند دۆلارێکی کەم کەمدەکاتەوە، بە جۆرێک دەتوانرێت درۆنێکی شاهیدی ئێرانی تەنیا بە تێچووی 11 دۆلار لەناو ببرێت.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەمریکا تەکنەلۆجیایەکی نوێی پەرەپێداوە بۆ بەردانەوەی درۆنەکان بە تێچوویەکی کەم، بە بەکارهێنانی سیستمی بەرگریی زیرەک و کاریگەر لە بریی سیستمە مووشەکییەکان، بەم تەکنۆلۆجیا نوێیەش دەتوانرێت تەنیا بە 11 دۆلار، درۆنێکی جۆری شاهیدی ئێرانی بخرێتە خوار.
تەکنۆلۆجیاکە پشت بە ڕادارێکی بچووک دەبەستێت کە دوای ئاڕاستەکردنی، لە ئامانجەکەی نزیکدەبێتەوە و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پیایدا دەتەقێتەوە، بەمجۆرە چیدیکە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ پێویست نابێت، بەڵکو دەکرێت ڕادارە بچووکەکان لە ئاسماندا هەبن و لەگەڵ دەرکەوتنی درۆنەکان ڕووبەڕوویان ببنەوە، جگە لەوەش، هێزی وێرانکردنی ئەم ڕادارانە 5 بۆ 10 هێندەی تەقەمەنیی ئاسایی دەبێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەم تەکنۆلۆجیا نوێیە دەتوانرێت تێچووی خستنەخوارەوەی درۆنێکی شاهیدی ئێرانی کە 30,000 دۆلاری تێدەچێت، کەمبکرێتەوە بۆ تەنیا 11 دۆلار، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە لەگەڵ مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی ئاساییدا، کە تێچووی هەڵدانی هەر دانەیەکیان نزیکەی 430,000 دۆلارە، یان تێچووی هەڵدانی مووشەکێکی جۆری ئەی ئای ئێم-120 نزیکدەبێتەوە لە 1,000,000 دۆلار.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە لە فلیپین تاقیکراوەتەوە و کۆمپانیا دروستکەرەکان پەرەیان پێداوە.





