نەوەی نوێ دەیەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەربگرێت

  • پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەردەم دانوستانێکی سەختدان
  • نەوەی نوێ داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکات
  • یەکێتی دەیەوێت سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وەربگرێت

لەڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامدەدرێت، سەرچاوەیەکی باڵای نێو پارتی بۆ کورد مۆنیتەر باسی لەوەکرد، تێبینیان لەسەر شێوازی کۆبوونەوەکە هەیە چونکە یەکێتی دەیەوێت لە شاندەکەیدا ئەندامانی نەوەی نوێ هەبن، بۆ ئەو مەبەستەش بەر لە کۆبوونەوەکە یەکێتی دەیەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ واژۆ بکات.

وەك ئەو سەرچاوە باڵایەی پارتی گوتی: ئێمە لەگەڵ یەکێتی دەستمان بە دانوستان کردووە، بۆیە ناکرێت لایەنی دیکە لە دانوستانەکەدا بەشداربێت بە پاساوی ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتی، بۆیە ئەگەر بڕیارە یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ بەشداریی لە حکومەت بکات، ئەوا لە پشکی خۆی دەتوانێت پۆستەکان لەگەڵ نەوەی نوێ دابەش بکات.

کورد مۆنیتەر لەگەڵ سەرچاوەیەک لە نەوەی نوێ قسەیکرد، ئەو باسی لەوەکرد، حزبەکەیان خاوەنی کورسییە و تەنیا هەشت کورسی جیاوازیی لەگەڵ یەکێتی هەیە، بۆیە بە مافی خۆیانی دەزانن داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

ئەو سەرچاوەیە لەبەر هەستیاریی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان داوایکرد ناوەکەی ئاشکرانەکرێت گوتی: ئەگەر ئێمە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەربگرین، پارتی جێگری سەرۆک و یەکێتی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وەردەگرێت، بەوەش نیسابی یاسایی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە دەستی یەکێتی و نەوەی نوێدا دەمێنێتەوە، چونکە لەو حاڵەتەدا پارتی تەنها جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەردەگرێت و لەنێو دەستەی سەرۆکایەتیدا تەنها خاوەنی یەک دەنگ دەبێت.

Back to top button