بە بەشداریی نزیکەی 20 ملیۆن کەس تەرمی خامنەیی بەخاک دەسپێردرێت

ڕۆژی سێشەممە، بەرپرسێکی ئێران ڕایگەیاند کە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەری باڵای پێشوو، عەلی خامنەیی، لە سێ شاری ئێران بەڕێوەدەچێت و لە “مەزارگەی پاک”ی ئیمام ڕەزا لە مەشهەد بەخاک دەسپێردرێت.

تەوەکولی زادە، جێگری بەرپرسی کاروباری کۆمەڵایەتی و کولتووری لە شارەوانیی تاران، جەختی لەوە کردەوە “بە دڵنیاییەوە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەر لە شارەکانی تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەدەچێت”، و ڕوونیشیکردەوە کە “ئامادەکاری دەکەین بۆ پێشوازیکردن لە جەماوەرێک کە ژمارەیان لە پایتەخت دەگاتە سەرووی 1
15 بۆ 20 ملیۆن کەس”.

هەروەها گوتیشی: “بەپێی وەسیەتنامەکەی و ڕاسپاردەی کەسە نزیکەکانی، شوێنی بەخاکسپاردنی ئیمام لە مەزارگەی پاکی ئیمام ڕەزا دەبێت لە مەشهەد، کە لەوێدا پشووی هەمیشەیی خۆی دەدات”.

خامنەیی لە 28ی شوباتی 2026 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازیی ئاسمانیدا، کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا و ناوی ئۆپەراسیۆنی “تووڕەیی داستانیی” لێنرابوو، کوژرا. ئۆپەراسیۆنەکە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتییەکەی لە تارانی پایتەخت بە 30 بۆمبی زۆر ورد کردە ئامانج.

لەم دواییانەشدا، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی گەورەی پرسە و بەخاکسپاردن بۆ خۆی و ئەو ئەندامانەی خێزانەکەی کە لە هەمان هێرشدا گیانیان لەدەستدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی کە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و ڕەوتی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە دواخرابوو.

Back to top button