غەدیر، ئەو ڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاریی کردییە پشووی فەرمی

دوای دوو ساڵ لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نوێی “پشووی فەرمی لە عێراق” لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، جەژنی غەدیر لە هەرێمی کوردستان کرایە پشووی فەرمی، لەکاتێکدا پێشتر ئەو ڕۆژە لە هەرێمی کوردستان نەدەبووە پشووی فەرمی.

پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی 22ی ئایاری 2024 بە فەرمی دەنگیدا بە پرۆژەیاسای “پشووی فەرمی”، کە تێیدا رۆژی 18ی زیلحەجە (جەژنی غەدیر) وەک پشوویەکی فەرمی لە سەرانسەری عێراق دیاریکرا. ئەم یاسایە دوای ئەوە پەسەندکرا کە مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، و بەپێی یاساکە، ئەو رۆژە بۆ هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی گشتی دەبێتە پشووی فەرمی.

لە 2024 و 2025 کاتێک ڕۆژی 3-6 لە عێراق بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە دەکرایە پشووی فەرمی، پشووەکە هەرێمی کوردستانی نەدەگرتەوەو حکومەتی هەرێم پشووی ڕانەدەگەیاند، بەڵام بۆ ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت ڕۆژی پێنج شەممە 3-6 هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش پشووی فەرمیە. بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ناوی جەژنی غەدیر بهێنێت.

دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە دروستبوونی زەمینەی لەبار دەکەن، بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا.

Back to top button