
- بزوتنەوەی گۆڕان و سۆشیال دیموکراتی کوردستان هێشتا لەگەڵ یەکێتی نین
- ڕێکخەری لەکار لادراوی گۆڕان لە هەولێر و زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجامدەدات
- تاکە کورسیەکەی بزوتنەوەی بابلیونی رەیان کلدانی کورسی ژمارە 39 یە
دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەی گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، لەگەڵ پارتی 39 بە 39 کورسین، پرسیاری ئەوە دروستبوو کە لە دەرەوەی 23 کورسییەکەی یەکێتی و 15 کورسیەکەی نەوەی نوێ، کورسی 39هەمین کێیە؟ بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر، کورسی ژمارە 39ی هاوپەیمانێتی یەکێتی و نەوەی نوێ، کورسییەکەی دانا ئامانج نجیب شەمعونە لە بزوتنەوەی بابلیون، کە ڕەییان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو یەکێتی بۆ کورد مۆنیتەر قسەیکرد و گوتی: بە ڕوونی دەمانەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە بزانێت کە قۆناغی پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و قۆناغی دوای ئەوە، جیاوازن. ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەو شوێنەی دانوستانەکانی تێدا وەستاون.
لەبارەی داواکاریی یەکێتی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ پارتی ئەو سەرچاوەیە گوتی: کورسییەکانمان لەگەڵ پارتی یەکسانە، دەبێت کابینەی 10ش بە یەکسانیی و نیوە بە نیوە پێکبهێنرێت، ئەگەر پارتی بەوە ڕازیی نیە کەواتە وەک پێکهێنەری سەرەکی حکومەت داوا دەکەین کاندیدی سەرۆک وەزیران سازانی لەسەر بێت، خۆ ئەگەر پارتی ئەوەش رەتبکاتەوە، ئەوا جگە لە پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵیی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان، هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکە بوونی نییە.
کورد مۆنیتەر لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان قسەیکرد، ئەوان ڕەتیانکردەوە کورسییەکەیان چوبێتە نێو هاوپەیمانێتیەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ، بەڵام دەرگای دانوستانیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی دانەخستووە، وەک بەرپرسێکی بزوتنەوەکە بە کوردمۆنیتەری گوت: ئێمە بڕیاری بەشداریکردنمان لە کابینەی نوێی حکومەت نەداوە، بەڵکو داواکاریمان ئەوەیە پرسی ڕێکخەری بزوتنەوەکە و خاوەندارێتیەکەی بۆ ئاڕاستەی کوردساتی گۆڕان بگەڕێتەوە، هەر هێزێک هاوکارمان بێت لەوەدا، ئێمەش دەتوانین هاوکاری بین لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.





