سوپای عێراق دەیەوێت هێز بۆ کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت

  • سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق پێشنیازی کردووە سوپا بنێردرێتە کێڵگە نەوتیەکان
  • فوئاد حوسێن ڕاسپێردراوە لەوبارەیەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان قسە بکات

دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پرسی پاراستنی کێڵگە نەوتیەکان بوەتە جێگەی مشتومڕی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، لەکۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە ئەمنیەکان و بەرپرسانی کورد لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق پێشنیازیکردووە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، هێزی سوپای عێراق بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی کێڵگەکان بکرێن.

کورد مۆنیتەر زانیویەتی، یارەڵڵا بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی گوتوە: دەزانم هەرێمی کوردستان بەم پێشنیازە ڕازی نابێت و ڕێگە نادات سوپا بچێتە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. لەبەرامبەردا عەلی زەیدی داوای لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کردووە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە.

هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لە بەغدا کردووە چەکی پێشکەوتووی دژە درۆن بۆ کێڵگە نەوتیەکان دابین بکات، بەڵام بەرپرسانی سوپای عێراق ڕەتیانکردوەتەوە و گوتویانە: ناتوانین چەک بدەین، بەڵام دەتوانین خۆمان و چەکەکانمان بێینە کێڵگەکان و بیانپارێزین.

Back to top button