
ئەمیر حوسێن سابتی، پەرلەمانتاری ئێران، هۆشداری دا لەوەی کە ڕەنگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی جامی جیهانیی هێرشێکی توندتر بکاتە سەر ئێران، سابتی پێی وایە ئامانجەکە بریتی دەبێت لە گۆڕینی ئێران بۆ “غەززەی دووەم”.
سابتی ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا زوو بێت یان درەنگ پەنا دەباتە بەر شەڕێکی توندتر دژی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت تاران خۆی بۆ سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ئامادە بکات.
سابتی جەختی لەوە کردەوە کە محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، نوێنەرێکی ڕاسپێردراوی سەرکردایەتی ئێران نییە لە دانوستانەکاندا و ڕوونی کردەوە کە کاندیدکردنی بۆ ئەو ئەرکە لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمارەوە بووە نەک لەلایەن سەرکردایەتییەوە.
پەرلەمانتارەکەی ئێران گوتیشی، ڕەزامەندی سەرکردایەتی ئێران لەسەر ئەم ڕێڕەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان سەرۆکایەتییەکانی حکومەت و پەرلەماندا بووە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر لەسەر هەر کەسایەتییەکی دیکەش لەو چوارچێوەیەدا ڕێککەوتن بکرایە، ئەوا ڕەزامەندی پێدەدرا.
بە وتەی خۆی، ئەو گفتوگۆیانەی لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوون، شاهیدی کۆمەڵێک هەنگاو بوون کە “هێڵە سوورەکان”ی دیاریکراوی سەرکردایەتی ئێرانیان تێپەڕاندووە، ئەمەش وایکرد تێبینی و هۆشداری بدرێت کە بووە هۆی ڕاگرتن و بەردەوام نەبوونی ئەو هەنگاوانە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێرانیش لەگەڵ ئەمریکا، سابتی پێی وابوو کە واشنتن پەیڕەوی لە سیاسەتی “هەڵوێستە دژبەیەکەکان” دەکات کە بریتیە لە سیاسەتی ڕێککەوتن و هەڕەشەکردن بە شەڕ.
سابتی ڕەخنەی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە گرت و ڕایگەیاند، دەبوایە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، ڕێکارەکانی پەرەسەندنی ململانێکان ڕابگەیەنرێت کە “ئاگرتێبەردانی ناوچەکە” و داخستنی گەرووی هورمز بگرێتەوە، لەبری ئەوەی تیشک بخرێتە سەر میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ وڵات بەپێی چوارچێوە یاساییە کارپێکراوەکان.
سابتی بە یەکێک لە دیارترین پەرلەمانتارەکانی سەر بە ڕەوتی “بەرەی بەرگریی” دادەنرێت، کە ڕەتیدەکاتەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا بکرێت و دژی ئاڕاستەی هێورکردنەوەیە، ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە هەر ڕێککەوتنێک یان ئاگربەستێک لەگەڵ ئەمریکا، نابێتە هۆی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئێران.





