
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ئەو چەکانەی لە حەماس لە غەززە و حزبوڵڵا لە لوبنان دەستی بەسەردا گرتووە، داویەتی بە حزبە کوردییەکان، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بە ئامانجی زیادکردنی فشارەکان لەسەر ئێران.
ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە کە ئەم بەرنامەیە بەشێک بووە لە پلانێکی فراوانتر کە ئامانج لێی لاوازکردنی ڕژێمی ئێران بووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)ش لەم دەستپێشخەرییەدا بەشدار بووە، هەرچەندە دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە دوای فشارەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پلانەکەی ڕاگرتووە.
بەپێی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، گروپە کوردییەکان هاوکاریی دارایی، ئۆتۆمبێل و کۆمەڵێک کەرەستەی سەربازییان پێگەیشتووە، لەوانە چەکی سووک، موشەکی دژە تانک، نارنجۆکی دەستی و هاوەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەشێک لەو چەکانەی دابینکراون، لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی حەماس لە غەززە و حزبوڵڵا لە لوبنان دەستیان بەسەردا گیراوە.
ڕۆژنامەکە بەرنامەکەی ئیسرائیلی بەستۆتەوە بە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ پشتگیریکردن لە چالاکییەکانی دژ بە ئێران لە ناوچەکەدا.
ئەم ڕاپۆرتە دوای ئەو لێدوانانە دێت کە دەدرێنە پاڵ ترەمپ لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترێی یینگست، پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیوز، کە لە 5ی نیسان بڵاوبونەوە.
بە وتەی یینگست، ترەمپ وتویەتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرە کوردییەکانەوە چەکی گواستووەتەوە بە مەبەستی پشتگیریکردن لە هێزەکانی نەیاری حکومەتی ئێران.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ڕووماڵێکی پێشووتری کەناڵی CNN کردووە، کە تێیدا هاتبوو کە مەبەست لە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ گروپە کوردییەکان زیادکردنی فشارەکان بووە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران و دروستکردنی نائارامیی ناوخۆیی.





