
11 ڕۆژی دیکە ئەو ماوەیە تەواو دەبێت، کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەکاتی دەستپێشخەرییەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دیاریکرد.
بافڵ تاڵەبانی هەندێک لەبەرپرسانی پارتی تۆمەتبار دەکات
ئەمڕۆ شەممە لە کۆڕبەندی دێلفی لە سلێمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی لە پانێڵێکدا کرد و گوتی: “کەس حکومەتی، حکومەتێک دروست نابێت هاوشێوەی حکومەتی پێشوو بێت” لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بافڵ تاڵەبانی گوتی: پەیوەندی بە هەندێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەقسەکانیدا گوتیشی: ههندێك سهركردهی پارتی توانای ئهوهیان نییه له واقعی نوێ تێبگهن.
یەک مانگ مۆڵەتەکەی یەکگرتوو تەواو دەبێت
ڕۆژی 17ی ئایار یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەستپێشخەرییەکی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەڵام ماوەی یەک مانگی دیاریکردبوو بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە و کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، لەو ماوەیە تەنها 11 رۆژ ماوە، کورد مۆنیتەر لەگەڵ بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی قسەیکرد، ئەوان بێهیوابوونی خۆیان لە پارتی و یەکێتی نیشاندا و گوتیان، پێناچێت کابینەی نوێ بەهۆی دەستپێشخەرییەکەی ئەوانەوە پێکبهێنرێت.
جەوهەری کێشەکە چییە؟
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێشنیازیکردووە پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە و دواتر گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەستپێبکات، بەڵام یەکێتی مەرجی ئەوەی هەیە بەوپێیەی ئێستا لەگەڵ نەوەی نوێ هاوپەیمانێتیەکیان دروستکردووە، لەکۆی سێ پۆستەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، دوو پۆستیان (سەرۆک و سکرتێر) لەلای یەکێتی و نەوەی نوێ بێت، پارتیش ئەو داواکارییەی ڕەتکردوەتەوە.





