
عالیە نوسێف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دوای هاتنی نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق، بەهێزکردنی دەسەڵاتی مەرکەزیی دەبێتە چەقی کارکردنی نێردە نوێیەکە.
نوسێف لە پۆستێکیدا لە سەکۆی “ئێکس” ڕایگەیاندووە: “هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی تۆم باراک زیاتر مەیلیان بەرەو مەرکەزییەت و یەکپارچەیی دەوڵەتە، نەک پاڵپشتیکردن لە فراوانکردنی فیدڕاڵی یان لامەرکەزییەت”.
لێدوانەکەی ئەم پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە کە دیاریکردنی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەغدا و دیمەشق، هاوکات لەگەڵ ئەرکەکانیدا وەک کاربەڕێکەری باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، شەپۆلێک لە شیکاریی و پێشبینی لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا سەبارەت بە تێڕوانینی نوێی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست کردووە، زۆرێک لە تێڕوانینەکان دەڵێن واشنتن دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ حکومەتە مەرکەزییە بەهێزەکان بکات، ئەوەش لەپێناو زامنکردنی سەقامگیریی ئابووریی و ئەمنی.
پێشتریش، تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، ڕایگەیاندبوو کە وڵاتانی وەک عێراق، سووریا و تورکیا، چەقی ستراتیژین و سەقامگیری هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەوری ئەو وڵاتانە دەخولێتەوە. جەختیشی کردەوە کە بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ئەم سێ وڵاتەدا، پێویستی بە یەک خاڵی پەیوەندی و هەژموونی جێگیر و یەکگرتووی ئەمریکییە، کە لە سەرووی جیاوازییە خێڵەکی، ئایینی و مەزهەبییەکانەوە بێت.





