سەردەمی موەلید ئەهلیەکان دەستپێدەکاتەوە؛ پڕۆژەی ڕووناکی کێشەی تێدایە

لە هەرێمی کوردستان، کێشە بۆ کارەبای 24 کاتژمێریی دروستبووە و لە بەشێکی شارەکان موەلیدەکان کارناکەن، بەڵام لە پارێزگای هەولێر بڕیاردراوە هەموو موەلیدەکان کاربکەن. سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدەکان لە هەولێر دەڵێ، بۆ هەر ئەمپێرێک 5750 دینار وەردەگیرێ.

خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند “دوای کۆبوونەوەیەک بڕیارمان دا تەواوی موەلیدەکان لەنێو شار، قەزا و ناحیەکان لە نەبوونی کارەبادا کارپێبکەین”.

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتیشی: “هەر موەلیدەیەک پێشتر کارەبای داوە و پارەی وەرگرتووە، ئەگەر 300 کاتژمێری کارەبای دابێ و هیچ قەرزداری هاووڵاتیان نەبێ، بۆ یەک ئەمپێر دەبێت 5 هەزار و 750 دینار لە ماڵان وەربگرێ”.

خۆران خۆرانی گوتی: “ئەو بڕە پارەیەی بۆ یەک ئەمپێر وەردەگیرێ بۆ 100 کاتژمێر کارکردنە. لە داهاتوودا هەرکاتێک لەو گەڕەکانە کارەبا بڕا، موەلیدە کار دەکات تاوەکو 100 کاتژمێرەکە پڕدەکاتەوە”.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دوێنێ شەممە رایگەیاند، لای حکومەت “هیچ شتێک نەماوە بە ناوی موەلیدە”، بەڵام لەکاتی دروستبوونی کێشە بۆ کارەبای نیشتمانی، دەتوانن بە رێککەوتن لەگەڵ دانیشتووانی سنوورەکانیان رێکبکەون و کارەبایان بۆ دابین بکەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدەکانی هەولێر گوتی: “هەرکەس پابەندی بڕیارەکان نەبێ یان پارەی زیاتر لە خەڵک وەربگرێ، لەلایەن شارەوانییەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ و زەوی موەلیدەکەی لێ وەردەگیرێتەوە”.

لە سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ موەلیدەکان بڕیاری کارکردنیان نەداوە. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە کورد مۆنیتەری گوت: “ئێمە کێشەمان ئەوەیە ئامادە نەبووین بۆ کارکردن و کەسیش هیچی پێ نەگوتووین. لە 700 موەلیدەی نێو شار چەند دانەیەکی کەم کە ناگەنە 10 موەلیدە خۆیان دەستیان بەکارکردن کردووەتەوە. لێرە کارەبا زۆر کەمیش دەبڕدرێ”.

مانگی ئادار 13 بۆ 17 هەزار دینار بۆ پارەی موەلیدە لە سلێمانی وەرگیرا. عوسمان محەممەد گوتی: “تاوەکو ئەمڕۆ لایەنی پەیوەندیداری حکومەت نرخیان بۆ دیاری نەکردووین بۆ ئەو کارەبایەی مانگی ئادار داومانە و پارەمان وەرگرتووە. بڕیارە ئەمڕۆ نرخمان پێبدەن، ئەگەر پارەی خەڵک لامان مابێتەوە، ئەوە هەموو موەلیدەکان کاردەکەن و ئەو قەرزە دەدەنەوە کە لایان ماوە”.

سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە رۆژی هەینی باسی لەوەکرد: “ناکرێ وەزارەتی کارەبا بەڕێوەبەرەکانی خۆیشی ئاگادار نەکاتەوە لە نەبوونی کارەبا و کاتی چارەسەربوونی کێشەکان، چونکە خاوەن موەلیدەش مافی هەیە بزانێ دەبێت چەند کاتژمێر کاربکات و کەی کارەبا چارەسەر دەبێت”.

قایمقامی هەڵەبجە گوتی: “لەبەر بەرژەوەندیی خەڵک و بە ناچاری، خاوەن موەلیدەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، ئەوەی کاری نەکردووە لە هەینییەوە کاربکات”.

دوێنێ شەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی “کێشەی تەکنیکی و چاکسازییەوە” بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەتەوە و تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکانن.

ئەو ناوچانەی کێشەی کارەبایان هەیە، ئەو ناوچانەن کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی رووناکییەوە پێگەیشتووە. ناوچەکانی دیکە تاوەکو ئێستا لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکانیان کاردەکەن.

بەگوێرەی پڕۆژەکە، 85%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی رووناکییان پێگەیشتووە.

پڕۆژەی رووناکی مانگی 11ـی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەندرا و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواوی هەرێمی کوردستان کارەبایان بکرێتە 24 کاتژمێریی.

Back to top button