شارەزایان دەڵێن کارەساتبارە؛ عێراق دەیەوێت 25 ترلیۆن دینار چاپ بکات

بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی عێراق پارەی نوێ چاپ دەکات، شارەزایانی ئابوورییش دەڵێن، هەنگاوێکی مەترسیدارە و عێراق لە قەیران ڕزگار ناکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، فالح زوبێدی، شارەزای ئابووریی هۆشداریی لە کەمبوونەوەی یەدەگی دارایی عێراق دا، ئەوە لە ئەنجامی دابەزینی داهاتە نەوتییەکان و پشتبەستن بە نەختینەی عێراق بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجیی بەکاربردن، زوبێدی ڕوونیکردەوە کە چاپکردنی 25 ترلیۆن دینار ڕەنگە لێکەوتەی نەرێنیی بەرفراوان لەسەر ئابووریی عێراق بەجێبهێڵێت.

زوبێدی گوتیشی: “بەردەوامیی فشارە داراییەکان و دابەزینی داهاتە نەوتییەکان، ڕەنگە لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچار بکات پەنا بۆ بژاردەی نەختینەییی مەترسیدار ببەن، لەوانەش فراوانکردنی چاپکردنی دراو، ئەمەش لێکەوتەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر دۆخی ئابووری و بژێویی هاووڵاتییان”.

هەروەها گوتیشی: “چاپکردنی 25 ترلیۆن دینار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و زیادبوونی نرخە خۆراکییەکان و کاڵا بنەڕەتییەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، ئەمەش بە نەرێنی بەسەر توانای کڕینی هاووڵاتییاندا دەشکێتەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد کە “دابەزینی بەهای ڕاستەقینەی مووچە و داهاتەکان، سەرباری زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار و زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی بەهای پارە، فشار دەخاتە سەر نرخی گۆڕینەوەی دینار لە بازاڕدا”.

ئەو شارەزا ئابوورییە ئەوەشی خستەڕوو “یەکێک لە مەترسیدارترین دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم هەنگاوە، لەدەستدانی یەدەگی دراوی بیانیی بانکی ناوەندییە بەهۆی هەوڵدان لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی نەختینەیی، ئەمەش لە مەودای درێژخایەندا مەترسی بۆ سەر دۆخی دارایی و ئابووریی وڵات دروست دەکات”.

زوبێدی جەختی لەوەش کردەوە کە “چارەسەر لە چاپکردنی پارەی زیاتردا نییە، بەڵکو لە چاکسازیی ئیدارەی دارایی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکیی بودجەی گشتی”.

لە پێشتریش، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کردبوو، عێراق پەنای بۆ چاپکردنی 25 ترلیۆن دینار بردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، و هۆشداریشیدا لە ڕوودانی کارەساتێکی دارایی کە ڕەنگە بەرۆکی عێراق بگرێت ئەگەر گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام بن.

Back to top button