فوئاد حوسێن کێشەی لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دروستکردووە

دوای ڕەخنەکانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر چاپکردنی زیاتر لە 25 ترلیۆن دینار، لەنێو ئەنجومەنی وەزیران کێشە دروستبووە.

بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی باڵای نێو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، بەهۆی ڕەخنەکانی فوئاد حوسێن لەو هەنگاوەی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی، ئێستا لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کێشە دروستبووە و وەزیری دارایی عێراق ناڕەزایەتی داوەتە سەرۆک وەزیران و باسی لەوە کردووە، وەزیری دەرەوە دەستوەردانی لە کاروباری دارایی وڵات کردووە، بەبێ ئەوەی پۆستەکەی پەیوەندیداربێ بەو بابەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران باس لەو گرفتە دەکرێت و ئەو پەیامە بە فوئاد حوسێن و وەزیرەکانی دیکە دەدرێت، کە پلانی چاپکردنی پارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی عێراق.

فوئاد حوسێن لەو چاوپێکەوتنەدا باسی لەوەکردووە، دۆخی دارایی عێراق نالەبارە، بانكی ناوەندی 25 تریلیۆن دیناری چاپ كردووە، ئێمە ناتوانین لەڕێی چاپكردنی پارە ئەو دۆخە ئیدارە بدەین، چونكە هەڵاوسان دروست دەكات، ئێستا داهاتمان نییەو پەنامان بۆ یەدەگ بردووە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر جەنگ تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوامبێت ئەوە عێراق دووچاری كارەسات دەبێت.

Back to top button