
عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت، تا ئەو کاتەی پاکتاوکردنی تەواوەتی ئەو بڕە پارانە دەکرێت کە شایستەن و ڕادەست نەکراون، ئەمەش بەپێی دەقەکانی یاسای بودجەی گشتی و ڕاپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری هەرێم. فەیحان جەختی کردەوە کە هەر کارێکی پێچەوانەی ئەمە، حکومەت بەرپرسیارێتی تەواوی دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێتە هۆی لێپرسینەوەی یاسایی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتییەکەیەوە.
فەیحان ڕایگەیاند کە حکومەتی فیدراڵی پێشوو بە شێوەیەکی ڕاشکاو سەرپێچی دەقەکانی یاسای بودجەی گشتی ژمارە (13)ی کردووە، بەوپێیەی بڕە پارەی مووچەی پێنج مانگی ساڵی 2025ی ڕادەستی حکومەتی هەرێم کردووە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە داهاتە نانەوتییە شایستەکان وەربگرێت. هەروەها دوو جار لەو بڕە پارانەی کە لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکەدا دیاریکرابوون خۆش بووە و کەمی کردوونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی یاسایی بۆ ئەم کارە نەبووە. جگە لەوەش، لە ساڵی 2026دا بەردەوام بووە لە گواستنەوەی پارە بۆ حکومەتی هەرێم بەبێ ئەنجامدانی پاکتاو یان “مەقاسە”ی پابەندکەری یاسایی بۆ جیاوازی بڕە پارە دیاریکراوەکان، لانی کەم بەپێی ڕێککەوتنی کۆتایی.
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی دەقەکانی ماددەی (13) لە یاسای بودجەی گشتی ژمارە (13)ی ساڵی 2023و ئەو ڕێککەوتنەی لە ساڵی 2025لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم واژۆ کرا، پابەند بووە بە ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان کە بڕەکەی (391) ملیار دینار بووە مانگانە بۆ حکومەتی فیدراڵ، ئەمەش پاڵپشت بە ڕاپۆرتی نیوەساڵانەی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری هەرێم بۆ ساڵی 2025.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەی وزاری شەش قۆڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی بڕەکە بۆ (200) ملیار دینار مانگانە، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەش نەبوو، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی فیدراڵ پابەند بوو بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا.
لەبەرامبەردا نووسینگەی ڕاگەیاندنی فەرهاد ئەترۆشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕوونكردنەوەیەكی تونددا وەڵامی بەیاننامەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە کە تێیدا داوای ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کردبوو.
ئاوێنە: نووسینگەی فەرهاد ئەتروشی لە وەڵامەکەیدا بۆ عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت وەک کارتی گوشاری سیاسی بەکاربهێندرێت و بەستنەوەی بژێوی خەڵک بە ناکۆکییە داراییەکان یان داهاتە نانەوتییەکان، پێشێلکردنێکی ڕوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە کە بە ڕوونی دۆسیەی مووچەی لە هەر جۆرە ململانێیەکی سیاسی و دارایی نێوان بەغداد و هەولێر جیاکردووەتەوە.
ئاماژە بەوە دراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی شەفاف و بە هەماهەنگییەکی ئاست بەرز لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی کار دەکات. ئەو دەستکاری و هەموارکردنانەی کە ڕاگەیەندراوەکەی فەیحان ئاماژەی پێ کردوون “سازشکردنی بێ دەسەڵات” نەبووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بەڵکو ئەنجامی پێداچوونەوەی تەکنیکی و یاسایی بووە لەلایەن لیژنە وزارییە پسپۆڕەکانەوە (لیژنەی شەش قۆڵی) کە ڕەچاوی دۆخی فعلی داهاتەکان و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کردووە.





