
دوای زیاتر لە چوار مانگ لە وەستانی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجومەنەکە کۆببێتەوە. کورد مۆنیتەر زانیاریی دەستکەوتووە کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تەواوی وەزیرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکۆبوونەوەکەدا بەشداریی دەکەن.
لە کۆڕبەندی دێلفی کاتێک قوباد تاڵەبانی قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد گوتی: “نەدەبوو بەوشێوەیە مەسرور بارزانی سەردانی بەغدا بکات و سەرۆک کۆمار نەبینێت، ئەگەر من ڕاوێژکاری بومایە پێمدەگوت ئەو سەردانە گەر بەو شێوەیە دەیکەیت، مەیکە”.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەکە دوای گرژییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و نەبینی نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار دێت، دواتریش مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کرد و بە هەمانشێوە سەرۆک کۆماری نەبینی.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد، نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی کۆڕبەندی دێلفی کرابوو، هاوکات دەبوایە گوتارێکی لە کۆڕبەندەکە هەبوایە، بەڵام بەهۆی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی 10، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریکردنی لە دێلفی هەڵوەشاندەوە.





