ئەمریکا بەم مەرجە ڕێگە بە هەڵبژاردەی ئێران دەدات بچێتە خاکی ئەمریکاوە

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، کە ئێستا لە شاری تیخوانای مەکسیک مەشق و ڕاهێنان دەکات، دەتوانێت ڕۆژێک پێش هەر یەکێک لە سێ یارییەکەی لە قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی جیهانیدا، بچێتە ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.

پێشتر لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە زاری ئەبولفەزل پەسەندیدە، باڵیۆزی ئێران لە مەکسیک ئەوەیان ئاشکراکرد: “هەڵبژاردەی ئێران ناچار دەبێت لە هەمان ئەو ڕۆژەی یاری هەیە بچێتە ناو ئەمریکاوە و هەر لەو ڕۆژەشدا جێی بهێڵێت، ئەمەش کۆمەڵێک پرسیاری لەسەر لایەنە لۆجیستییەکان و کاریگەریی ئەم بڕیارە لەسەر ئاستی تیمەکە دروست کردبوو.”

بەڵام وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ڕایگەیاند کە “ئێران ناچار نابێت لە هەمان ڕۆژی یارییەکانیاندا بگاتە ئەوێ.”

وتەبێژەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەم لێدوانانە ڕاست نین. بەهۆی دۆناڵد ترەمپەوە، هەڵبژاردەی ئێران دەتوانێت ڕۆژێک پێش یارییەکانی بگاتە ئەوێ.”

باڵیۆزی ئێران لە مەکسیک، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە کاتی قسەکردنی لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە تیخوانا لە ڕێگەی وەرگێڕێکەوە، ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئەمریکی گرت بەهۆی ڕەتکردنەوەی پێدانی ڤیزا بە هەندێک لە کارمەندانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران.

دوای چەند هەفتەیەک لە نادیاری و دڵنیانەبوون، دواجار ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤیزای چوونەژوورەوەی بەخشییە سەرجەم یاریزانەکان، کە تەنها 10 ڕۆژ پێش یەکەم یارییان بوو.

بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، ڤیزای چوونەژوورەوە بە ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندی ئێرانی نەدراوە، لە نێویاندا “ئەندامانی سەرەکیی کارگێڕی و جێبەجێکار”.

باڵیۆزخانەی ئێران لە مەکسیک ڕایگەیاند کە “لە نێو ئەو کەسانەدا، بەڕێوەبەری تیمەکە، دوو شیکەرەوەی ئاستی وەرزشی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و نوێنەرێکی وەزارەتی دەرەوە هەن.”

بڕیاریشە ئێران لە 15ی حوزەیرانی ئەم مانگەدا لە شاری لوس ئەنجلۆس لە دژی نیوزلەندا یاری بکات، پاشان دوای 6 ڕۆژ لە هەمان شاردا ڕووبەڕووی بەلجیکا ببێتەوە، و لە 26ی حوزەیرانیشدا لە شاری سیاتڵ ڕووبەڕووی میسر ببێتەوە.

Back to top button