جێگرەکەی ترەمپ پلانەکەی ئاشکراکردووە؛ چۆن ئەردۆغان سەرۆکی ئەمریکای لە پڕچەککردنی کورد دژی ئێران پەشیمانکردەوە؟

میدیای ئیسرائیلی وردەکاریی نوێی لەبارەی شکستهێنانی بەشداریکردنی کورد لە جەنگی ئێران ئاشکراکردووە و دەڵێت، ئەردۆغان ترەمپی ڕازی کردووە کە ڕێگری لە پلانی پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات بکات.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەداوە، بەشێک لەبەرپرسانی کۆشکی سپی پلانێکیان بۆ پڕچەککردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و گروپە کوردییەکانی رۆژهەڵات دژ بەڕژێمی تاران بۆ تورکیا دزەپێکردووەو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ زانینی دۆخەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕازی کردووە پلانەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان، ئیسرائیل پێیوابوو ئەگەر ئەو پلانە جێبەجێ بکرێت، ئەوا بۆ واشنتۆن قبوڵ دەکرێت، چونکە پێویستی بە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ئێران نامێنێت.

“جەی دی ڤانس دزەی پێکرد”

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکایان تۆمەتبار کردووە بە دزەپێکردنی پلانەکە بۆ تورکیا، هاوکات لۆک شرۆدەر، یاریدەدەری تایبەتی و سکرتێری ڕۆژنامەوانی ڤانس، ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە.

پلانەکە چی بوو؟

بەگوێرەی ئەو پلانە، ئیسرائیل نەک تەنها ناوچەی دژە فڕین بۆ گروپە کوردییەکان دابین دەکات بەڵکو پاڵپشتی ئاسمانی پێشکەش دەکات لە دژی ئەو هێزانەی ئێران کە هەوڵی کۆبونەوە دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەویەکانیان.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە بانگەشەی ئەوە کراوە ئیسرائیل ئەو چەکانەی کە لە حەماس لە غەززە و حزبوڵای لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە، دەداتە گروپە کوردییەکانی دژبەری ئێران.

تامیر حەیمان، سەرۆکی پێشووی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل (ئامان) لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ کەناڵی PBS کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، رایگەیاند کە ئیسرائیل هەوڵی ئەنجامدانی زنجیرەیەک پلانی شاراوە دەدات بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی تاران، لەوانە هاندانی راپەڕتینی کوردەکان و دانانی مەحمود ئەحمەدی نژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران بۆ دەسەڵات.

حەیمان ڕایگەیاندبوو کە پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پڕچەککردنی گرووپە کوردییەکانی دژبەری ئێران و هاندانیان بۆ هەڵسوکەوت لە دژی ڕژێمی تاران، لە ئەنجامی ڕازیکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن ئەردۆغانەوە، پووچەڵ بووەوە.

Back to top button