
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ڕاپۆرتی ساڵانەی بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتەکە، 70%ی پەنابەران لە دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، کە زۆربەیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بەرهەم ساڵحیش رایدەگەیەنێت، بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان کەس لە چەقبهستوویی ئاوارەیی درێژخایەن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی 2025دا، 5.4 ملیۆن کەس بەهۆی توندوتیژی و چەوساندنەوەوە ناچاربوون هەڵبێن و پەنا ببەنە بەر وڵاتانی دیکە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەشی نیشانداوە کە ڕیتمی گەڕانەوەش خێرا بووە، بە جۆرێک لە هەمان ساڵدا 14.7 ملیۆن ئاوارەی زۆرەملێ گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان (کە 4.4 ملیۆنیان پەنابەر و 10.3 ملیۆنیان ئاوارەی ناوخۆیی بوون)، ئەمەش بە زیادبوونێکی بەرچاو لە ئەفغانستان، سوودان و سووریا تۆمار کراوە.
گەڕانەوەی پەنابەران بووەتە دووەم بەرزترین ڕێژە لە دوای دەستپێکردنی تۆمارکردنی داتاکان لە پێش 60 ساڵەوە، هەرچەندە زۆربەیان لەژێر جۆرێک لە گوشار و لەناو بارودۆخێکی گوزەرانی سەختدا گەڕاونەتەوە.
ئەو ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانییەی کە کۆمیساریای باڵای کاروباری پەنابەران لەم بارەیەوە بڵاویکردوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە داتاکان نیشانی دەدەن ژمارەی پەنابەران لە سەرانسەری جیهاندا لە ساڵی 2025 بە ڕێژەی 3% کەمی کردووە و گەیشتووەتە 41.6 ملیۆن پەنابەر.
لە پێشهاتێکی ئەرێنیدا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 46 هەزار کەسی بێناسنامە لە 24 وڵاتدا مافی هاوڵاتیبوونیان پێدراوە، هاوکات لەگەڵ بوونی 70%ی پەنابەران لە دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، کە زۆربەیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
بەرهەم ساڵح، کۆمیساری باڵای کاروباری پەنابەران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە پاڵپشتیی دەستپێشخەرییەکی نوێ بکەن بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان کەس لە چەقبهستوویی ئاوارەیی درێژخایەن و لە پشتبەستن بە هاوکارییە مرۆییەکان.
بەوتەی بەرهەم ساڵح، ئاوارەیی بۆ زۆربەی پەنابەران وەک هێڵێکی ڕزگاربوون دەستپێدەکات، بەڵام بۆ ماوەی تەواوی تەمەن بەردەوام دەبێت و دەڵێت: هاوکارییە مرۆییەکان ژیان ڕزگار دەکەن، بەڵام ئامانجی کۆتایی نین و ناتوانن وا لە پەنابەران بکەن ببنە بکەر لە دیاریکردنی ئایندەی خۆیاندا.
کۆمیساری باڵای کاروباری پەنابەران دەشڵێت: ئێمە پێویستمان بە وەرچەرخانێکی جۆری هەیە کە هەستێکی نوێ لە ئومێد و دەرفەت ببەخشێتە ئەو کەسانەی لە شەڕ و چەوساندنەوە هەڵدێن.
ئەم دەستپێشخەرییە داوا لە حکومەتەکان، لایەنە چالاکەکانی بواری مرۆیی و گەشەپێدان، کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات کە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی پەنابەران، لەگەڵ پاراستنی مافی پەنابەری و دابینکردنی پاراستن، کە ئەمەش لە هەموو کاتێک گرنگترە بەو پێیەی ساڵی 2026 هاوکاتە لەگەڵ حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی تایبەت بە دۆخی پەنابەران.
کۆمیساری باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، کە گەڕانەوەی خۆبەخشانە باشترین چارەسەرە، دۆزینەوەی چارەسەریش بۆ ژمارەیەک لە ململانێ گەورەکانی جیهان، دەبێتە هۆی ئەوەی ملیۆنان پەنابەر بتوانن بە سەلامەتی و کەرامەتەوە بگەڕێنەوە و وتی: یەکێکی دیکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، تێکەڵکردنی پەنابەرانە لە سیستەمە نیشتمانییەکاندا، وەك: خوێندن، چاودێریی تەندروستی، خزمەتگوزارییە داراییەکان و بازاڕی کار.
وەک بەرهەم ساڵح دەڵێت: ئەمەش دەرفەتیان پێدەدات داهات پەیدا بکەن و بەشداری لە ئابووریی ناوخۆیی و نیشتمانیدا بکەن. ئەم بابەتەش پێویستی بە وەبەرهێنانی زۆر گەورەتر هەیە لەلایەن کۆمەڵێک هاوبەشی بەرفراوانەوە بۆ گەیشتن بەو وڵاتە خانەوێرانەی کە بەدەست گوشارە گەورەکانەوە دەناڵێنن.
لە کۆتایی قسەکانیدا بەرهەم ساڵح وتی: پێویستییەکی بەپەلە بە چارەسەری زیاتر هەیە بۆ قەیرانی پەنابەران لە دەرەوە، وەک سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەی ئەو حاڵەتانەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، شادکردنەوەی خێزانەکان بە یەکتر، دابینکردنی دەرفەتی بەدەستهێنانی مۆڵەتی کار، و زەمالەی خوێندن.
کۆمیساری کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند: “پەنابەری و پاراستن دوو شتن کە ژیان ڕزگار دەکەن و جێگەی مشتومڕ نین، بەڵام ناتوانن ڕازی بین بە ئایندەیەک کە تێیدا ملیۆنان پەنابەر بۆ ماوەی چەندین ساڵ یان دەیان ساڵ بەبێ هیچ ئاسۆیەکی ڕاستەقینە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژیانیان، بە هەڵواسراوی بمێننەوە”.





