
بڕیارە تۆم باراک، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، گەشتی عێراق بکات و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، بڕیارە باراک ڕۆژی دووشەممە لە بەغدا و ڕۆژی سێشەممە لە هەولێر کۆبوونەوەکانی ئەنجام بدات. ئەمە یەکەم گەشتی نێردراوەکە دەبێت بۆ بەغدا لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، کە دۆستێکی نزیکی دێرینی خۆیەتی، ئەرکەکانی باراکی فراوانتر کرد بۆ ئەوەی پرسی عێراقیش بگرێتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕیارە باراک لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای بەغدا کۆببێتەوە؛ لەوێش پێدەچێت گوشار بخاتە سەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی ئەو میلیشیا شیعانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات.
لە هەولێریش، بڕیارە باراک لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوە. باراک هەروەها لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن باراک لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت باراک لە هەولێر پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات.
ئەم سەردانە لە کاتێکی یەکلاکەرەوەدا دێت لە نێوەندی گفتوگۆ بەردەوامەکانی ئێران و ئیدارەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە کۆتایی بە چەندین مانگ لە ململانێ بهێنێت.
ئێران هەژموونێکی ئێجگار گەورەی بەسەر عێراقی زۆرینە شیعەدا هەیە. بریکارە چەکدارە شیعەکانی بە شێوەیەکی چالاک پاڵپشتی لە ئێران دەکەن، بەجۆرێک بنکەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق دەکەنە ئامانج و چەندین هێرشیشیان بۆ سەر دەوڵەتانی کەنداو ئەنجام داوە.
چاوەڕوان دەکرێت باراک شێوازێکی وردتر و نەرمتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ زەیدیدا بگرێتە بەر. ئەم بازرگان و ناوە نوێیەی بواری سیاسەت، لە مانگی ئایاردا و دوای چەندین مانگ لە چەقبەستوویی سیاسی هەڵبژێردرا. نەبوونی پێشینەی سیاسی وایکرد کە هەم بۆ واشنتۆن و هەم بۆ تاران قبوڵکراو بێت.
ترەمپ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقی بە “پیاوێکی زۆر باش” ناوبرد و بانگهێشتی کۆشکی سپی کرد. چاوەڕوان دەکرێت باراک ئەم بابەتە بوروژێنێت، بەڵام پێدەچێت چەند مەرجێک لەم نێوەندەدا هەبن.
ئیدارەی ترەمپ لە مانگی نیساندا هەم هاوکاری و هەم بودجەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی ڕاگرت، هاوکات ناردنی دۆلاری بۆ عێراق پەکخست، ئەمەش بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر بەغدا بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گەورەی میلیشیاکان لە سیاسەت و ئابووریدا، کە ئێستا بەهۆی کاریگەریی ململانێکانی ئێرانەوە دەناڵێنێت. بڕیارە هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولدا بە تەواوی لە عێراق بکشێنەوە. هەناردەی نەوتی عێراق پێشتر ڕۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بوو، کە زۆربەی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرا. ئامارەکانی مانگی ئازار پیشانی دەدەن کە فرۆشتنی نەوت بۆ 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.
زەیدی لە یەکەم گوتاریدا لەبەردەم پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایاردا، بەڵێنی دا کە “چاکسازی لە دەزگا ئەمنیەکاندا بکات لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەسری دەوڵەتدا و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکان.” هەندێک گروپیش هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ پاڵپشتیکردنی.
باراک پێش گەشتەکەی بۆ عێراق، ڕۆژی هەینی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. باراک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەو چاوپێکەوتنەی بە “بەرھەمدار” وەسف کرد.





