بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی گەورەترین پاشەکشە لە ئابووریی عێراق دا دەکات

بانکی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا کە لە مانگی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکات ئابووریی عێراق لە ساڵانی داهاتوودا پاشەکشە بکات و لە ساڵی 2027دا بگاتە نزمترین ئاست.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا ئابووریی عێراق بە رێژەی 2.2% پاشەکشە بکات، ئەم کورتهێنانە لە ساڵی 2027دا زیاتر دەبێت و دەگاتە 8.9%. ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2024دا گەشەی ئابووریی عێراق تەنیا 0.5% بووە و بۆ ساڵی 2025یش پێشبینی پاشەکشەی 1.5% کراوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەم زنجیرە پاشەکشەیە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2028دا ئابووریی عێراق ببوژێتەوە و گەشەکردنێکی گەورە بە رێژەی 12.2% تۆمار بکات.

بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت؛ عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکەی لەسەرە. لە کاتێکدا بۆ ساڵی 2026، پێشبینی دەکرێت ئابووریی سعوودییە 3.1% و ئیمارات 2.4% گەشە بکەن، عێراق و کوەیت (بە رێژەی 6.4%) پاشەکشەیان تۆمار کرد.

داتاکان نیشانی دەدەن ئابووریی عێراق لە چوار وەرزەکەی ساڵی 2025دا بەردەوام لە پاشەکشەدا بووە، کە بەرزترین دابەزین لە وەرزی سێیەمدا بووە بە رێژەی 3.7% هەروەها پێشبینی دەکرێت لە وەرزی یەکەمی ساڵی 2026یشدا پاشەکشەکە بە رێژەی 2.3% بەردەوام بێت.

لە سەر ئاستی گشتیی ناوچەکەش، بانکی نێودەوڵەتی پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کەمکردووەتەوە بۆ 1.6% بۆ ساڵی 2026، بەڵام پێشبینی دەکات لە ساڵی 2027دا جارێکی دیکە بۆ 5.0% بەرز ببێتەوە.

Back to top button