بەهۆی ڕاگرتنی ئینتەرنێتەوە عێراق ڕۆژانە 1.4 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت

ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامبوونی بڕینی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ماوەی تاقیکردنەوە وزارییەکاندا، بە پێشێلکردنی مافە دیجیتاڵییەکانی هاووڵاتیان دادەنرێت و دەبێتە هۆی زیانی ئابووریی گەورە و کاریگەری دەکاتە سەر کەرتە زیندووە جیاوازەکان کە پشت بە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان دەبەستن.

ناوەندەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامارە بەردەستەکان سەبارەت بە کاریگەریی پچڕانی ئینتەرنێت لە عێراق، زیانی ئابووریی گەورە نیشان دەدەن؛ بەوپێیەی هەندێک لە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان مەزەندەی دەکەن کە هەر ڕۆژێک لە بڕینی ئینتەرنێت، نزیکەی 1.4 ملیۆن دۆلار زیانی ڕاستەوخۆ لە ئابووریی عێراق دەدات، جگە لە زیانی دیکە لە وەبەرهێنانی بیانی و متمانەی وەبەرهێنەران بە ژینگەی دیجیتاڵی لە وڵاتەکەدا.

هەروەها مەزەندە ئابوورییەکانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانەکانی عێراق لە وەرزەکانی تاقیکردنەوەدا بەهۆی وەستانی کارە دیجیتاڵییەکان و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنی، دارایی و بازرگانییەکان، ڕەنگە بگاتە سەدان ملیۆن دۆلار ساڵانە.

ئەو کەرتانەی زیانیان بەردەکەوێت:
کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان، بازرگانی، بانکی و پزیشکی.
کۆمپانیاکانی گواستنەوەو گەیاندن، بازرگانیی ئەلیکترۆنی.
کارمەندانی سەر هێڵی ئینتەرنێت (فریلانسەرەکان) و خاوەن پڕۆژە نوێیەکان (ستارتئەپەکان).

بەهۆی ئەوەی کار و مامەڵە ڕۆژانەکانیان لە ماوەی کاتژمێرەکانی بلۆککردنەکەدا پەکیدەکەوێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بەرهەمداری و چالاکیی ئابووریی نیشتمانی دەبێت.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە پچڕانی بەردەوامی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، سنووردارکردنی مافی هاووڵاتیانە لە دەستگەیشتن بە زانیاری و پەیوەندیکردن، و کاریگەری دەکاتە سەر چالاکییە پەروەردەیی، پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها ئەمە بە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی پەیوەندیکردن دادەنرێت کە لە ژێر سایەی دەستووری عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤدا دەستەبەر کراوە، جگە لەوەی متمانە بە ڕێوشوێنەکانی حکومەت سەبارەت بە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان و بەرزکردنەوەی دەستپاکی لە پرۆسەی خوێندندا لاواز دەکات.

جەختیشکراوەتەوە، کە ئاڕاستەی حکومەت بەرەو گۆڕانی دیجیتاڵی، حکومەتی ئەلیکترۆنی، فراوانکردنی مەودای پێدانی پارەی ئەلیکترۆنی و خزمەتگوزارییە زیرەکەکان، پێویستی بە پاراستنی سەقامگیریی تۆڕی ئینتەرنێت هەیە نەک پەنابردن بۆ ڕاگرتنی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان، بەهۆی ئەو شوێنەوارە نەرێنییانەی کە لەسەر ئابووریی نیشتمانی، ناوبانگی دیجیتاڵی عێراق و کەشی وەبەرهێنان هەیەتی.

لە کۆتاییدا، ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی سیاسەتی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی تاقیکردنەوە وزارییەکاندا، و کار بە بەدیلە تەکنەلۆژییە هاوچەرخ و پێشکەوتووەکان بكرێت، وەک:

سیستمەکانی چاودێریی زیرەک.
کامێرا دیجیتاڵییەکان.
تەکنەلۆژیاکانی ئاشکراکردنی قۆپیی ئەلیکترۆنی.

ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پاراستنی بێگەردیی تاقیکردنەوەکان، بەبێ ئەوەی دەستکاری مافەکانی هاووڵاتیان بکرێت یان زیان بە ئابووریی نیشتمانی بگەیەنرێت.

Back to top button