
لە یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی ئەم مانگەدا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جۆرێک لە دڵنیایی لەبارەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ نەوەی نوێ قسەیکرد و گوتی، لەڕۆژانی داهاتوودا ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکەن، بەڵام کورد مۆنیتەر زانیاریی وردی لەسەر جموجوڵەکانی تورکیا لەگەڵ نەوەی نوێ ئاشکرادەکات.
سەرچاوەیەکی باڵا کە لەبەر هەستیاریی دۆخەکە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت بۆ کورد مۆنیتەر قسەیکرد و گوتی: تورکیا لەڕێگەی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق پەیامی بۆ نەوەی نوێ ناردووە و داوایکردووە، لە کێشەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێلایەنیی هەڵبژێرێت، هاوکات داوای لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە کردووە، کەمتر لە میدیاکاندا باس لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی بکات.
شاسوار عەبدولواحید جیاواز لە ڕابردوو ئێستا کەمترین دەرکەوتنی لە میدیای حزبەکەی هەیە، تەنانەت لە هەژمارەکانی خۆیشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمترین پەیامی هەیە، پاساوی سەرۆکی نەوەی نوێ بۆ دورکەوتنەوەکەی ئەوەیە: بەهۆی تەندروستیی خێزانەکەی ناچارە کەمتر دەربکەوێت، بەڵام وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی: لەسەر داوای تورکیا واژۆکردنی ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ دواخراوە، تا ئەو کاتەی پارتی و یەکێتی دەست بە دانوستانەکانیان دەکەنەوە.
سەرچاوەیەک لە نەوەی نوێ قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد، ئەو گوتی پارتی بە جیا لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەکەیان قسەیکردووە، تا ئەو ئاستەی پێشنیازی پێدانی پۆستی بۆ نەوەی نوێ کردووە لە دەرەوەی لێکتێگەیشتنی یەکێتی و نەوەی نوێ، بەڵام هێشتا جوڵانەوەکە بە فەرمی وەڵامی پارتی نەداوەتەوە.
بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان فراکسیۆنی یەکگرتوو هێزێکی یەکلاکەرەوە بوو، بەوپێیەی نیسابی یاسایی تەواو دەکرد ئەگەر لەگەڵ هەر بەرەیەکدا بوایە، بەڵام ئێستا چاوەکان لەسەر نەوەی نوێ-یە، ئاخۆ پشت لە یەکێتی دەکات و لەگەڵ پارتی دەست بە دانوستان دەکات، یان لە یەک کاتدا پشت لە هەردوکیان دەکات و لێدەگەڕێت پارتی و یەکێتی بەجیا کاریگەریی لەسەر پەرلەمانتارەکانی جوڵانەوەکە و ئەو 15 کورسیە دابنێت کە هەیانە.





