
- گفتوگۆی توند لەناو حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلاردروستبووە
- عەلاق ڕەتیدەکاتەوە و ئابووریناسانیش هۆشداری دەدەن لە تەقینەوەی دۆخەکە
گفتوگۆی توند لەناو حکومەتەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیراندا هەیە بۆ پێداچوونەوە بە نرخی گۆڕینەوەی دینار بەرامبەر بە دۆلار، ئەمەش بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی نەختینەیی و دابینکردنی مووچە. پێشنیازەکان لە نێوان بەرزکردنەوەی نرخەکە بۆ 1600 یان 1700 تا دەگاتە 2000 دینار.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی بە توندی ئەم پێشنیازانەی رەتکردوەتەوە، چونکە دەسەڵاتی دیاریکردنی نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، ئەمەش وایکردووە هەر گۆڕانکارییەک پێویستی بە ڕێککەوتن و ڕێکاری دارایی و نەختینەیی ئاڵۆز هەبێت”.
عەلی عەلاق، بە توندی گۆڕینی نرخی دۆلاری رەتکردوەتەوە و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە ئەگەر فشارەکانی سەرى بەردوام بن و ناچار بکرێت بڕیارێکی وا مەترسیدار بدات، ئەوەش بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر.
هەمان سەرچاوە هۆشداری دا لە “بوونی تێبینی و ناڕەزایەتی لەناو دامەزراوە داراییەکاندا دژ بە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، بەهۆی لێکەوتەکانی لەسەر بازاڕ، ئاستی نرخەکان، توانای کڕینی هاووڵاتیان، و هەروەها کاریگەرییەکەی لەسەر متمانەی خەڵک بە دراوی نیشتمانی”.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، نرخی دۆلار لە هەردوو بۆرسەی کیفاح و حارسیە لە بەغدا بەرزبووەوە و 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 154.750 دیناری عێراقی، دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 154.600 دیناری تۆمارکردبوو.
نەوار سەعدی پسپۆڕی ئابووریی بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، قسەکردن لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بۆ 1600 دینار یان زیاتر، دەبێت بە لۆژیکێکی ئابووری و بەدوور لە کاردانەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت”. ڕوونیشی کردەوە کە “دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانی ڕەنگە داهاتی زیاتری دینار بۆ حکومەت دابین بکات کە لە گۆڕینی داهاتی نەوت دەستیدەکەوێت، بەڵام ڕەگی قەیرانە داراییەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو بەشێکی زۆری تێچووەکەی دەخاتە ئەستۆی هاووڵاتیان”.
سەعدی ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەزموونی عێراق لە هەموارکردنی نرخی دۆلار لە کۆتایی ساڵی 2020دا نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە، چونکە بڕیارەکە لەو کاتەدا بەشداربوو لە زیادکردنی داهاتی حکومەت بە دینار، بەڵام لە هەمان کاتدا بووە هۆی شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی نرخەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەری کردە سەر بژێوی هاووڵاتیان”، جەختیشی کردەوە کە “تەماشاکردنی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار وەک چارەسەرێکی ئەفسوناویی بۆ قەیرانی دارایی، بە سادەکردن و کەمکردنەوەی کێشەیەکی ئاڵۆزتر دادەنرێت”.
سەعدی ئەوەشی خستە ڕوو: “پەنابردن بۆ چاپکردنی دراو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بژاردەیەکی مەترسیدارترە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی نەختینە بێ ئەوەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە لە بەرامبەریدا زیاد بکات، ئەمەش هەڕەشەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و پاشەکشەی متمانە بە دراوی نیشتمانی دەکات”، ئاماژەی بەوەشدا کە “دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی سیاسەتی نەختینەیی بۆ چارەسەرکردنی ناهاوسەنگییەکانی دارایی گشتی”.





