سەرۆکی کۆڵۆمبیا: ژنی کورد بەرگریی لە کەرامەتی خۆی دەکات

گوستافۆ پێترۆ، سەرۆک کۆماری کۆڵۆمبیا لە وەڵامی پرسیارێکی پێگەی ئامارگی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، گفتوگۆ لە نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نەک هەر بژاردەیەک نییە، بەڵکو تاکە بژاردەیە.

گوستافۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا داوای گفتوگۆی کرد وەک تاکە ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و ڕایگەیاند، خەباتی چەکداریی کورد لە هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا کە بە سوپای گەل ناسرابوون کۆنترە؛ ئەوان گروپێکی گەریلای مارکسی-لینینی بوون و لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئاشتییەوە لە ساڵی 2016دا کۆتاییان بە ململانێکان هێنا.

سەرۆکی کۆڵۆمبیا دانی بەوەدا نا کە ئاشنایەتییەکی سنوورداری لەگەڵ دۆخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکەدا هەیە، بەڵام بە ڕوونی لەسەر پرسی گشتیی کورد دوا.

پێترۆ گوتی: “سەبارەت بە تورکیا، باشە، من زۆرم لەو بارەیەوە نەبیستووە. کاتێک گەنج بووم چوومە ئەوێ؛ بەڵام لە تورکیا، لە ململانێی ناوخۆییدا، کە ئێستا دەرەکیشە، دۆخەکە سەخت و ئاڵۆزە، چونکە هێندەی ململانێ چەکدارییەکەی کۆڵۆمبیا کۆنە. هێزە چەکدارەکانی کورد لە (فارک)ی کۆڵۆمبیا کۆنترن.”

“کەواتە، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت ڕێگەچارەیەکی هەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەبێت. هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە.”

ئەو گوتی: “من پێشنیازی گفتوگۆ دەکەم. پێم وایە دەبێت ئەم بەرگرییە لەبەرچاو بگیرێت. لە عێراق بوونی هەیە، لە سووریا بوونی هەیە، و لە ئێران بوونی هەیە. لە هەموو شوێنێک دەچەوسێنرێنەوە، ژنان بەرگرییان لە کەرامەتی خۆیان کرد، ژنانی کورد، دژی شتێکی ترسناکی وەک داعش، یان فاشیزمی عەرەبییە. بمبەخشن کە بەم شێوەیە قسە دەکەم.”

“کەواتە، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت ڕێگەچارەیەکی هەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەبێت. هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە. خۆبەڕێوەبەریی ڕێژەیی و هاوشێوەکانی. ئەزموونگەلێک هەن کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن.”

پاشان پێترۆ ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە هەڵوێستی حکومەتەکەی خۆی بەرامبەر بە ئەنقەرە کرد: “ئەوە یەکێک بووە لە هەڵوێستەکانی من لەگەڵ حکومەتی تورکیا. بێگومان ئێمە لەم بارەیەوە قسەمان نەکردووە.”

ئەو گوتیشی: “پێشنیازی کۆڵۆمبیا ئەوەیە کە بەو زانیارییانەی هەیەتی نێوەندگیری بکات، و بەو زانیارییانەی هەیەتی ئاشتی لە جیهاندا بەدیبهێنێت. دەزانێت چۆن نێوەندگیری بکات و ئاشتی لە نێوان ئەکتەرە چەکدارەکاندا بەدیبهێنێت کە یەکتریان دەکوشت. وە دەزانێت چۆن بەشێك لەو برینە دەروونیانە ساڕێژ بکات کە لە توندوتیژی و تیرۆرەوە سەرچاوە دەگرن”.

ئەو باسی لەو ئیرادە سیاسییە کرد کە پێویستە بۆ پاراستنی ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی لە ژێر بارودۆخە سیاسییە دژوارەکاندا، و باسی لەوەکرد چۆن چاندنی گەڵای کۆکا دوو هێندە بووە لە ژێر سایەی ئەو حکومەتەی کە بە وتەی ئەو بەڵێنی دابوو ڕێککەوتنی ئاشتی “پارچەپارچە” بکات، ئەمەش ڕێژەی هەژاریی لە کۆڵۆمبیا گەیاندە لە سەدا 40.

پێترۆ هەروەها ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە دۆخی غەززە کرد و گوتی: “ئەو ڕاستییەی کە جینۆساید لە غەززە ڕوویداوە، کۆماری کۆڵۆمبیا داوای یاسایی لەسەر نەتانیاهۆ تۆمارکردووە، نەک دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵکو نەتانیاهۆ وەک کەس”. پێترۆ گوتیشی کە هەڵوێستی ڕوونە: “من پێم وایە لە جیهاندا ناتوانرێت جینۆساید هەبێت.”

Back to top button