
تیمێکی تایبەت کە لەلایەن تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکاوە پێکهێنراوە، کار لەسەر ئامادەکردنی تێڕوانینێک دەکات کە تایبەتن بە کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە عێراق و چاکسازیی ئابووری، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێکگەیشتنی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکا و ئێران دەرفەتێکی نوێ دەبەخشێتە بەغدا بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە مێژوویەکی درێژیان هەیە و هێشتا جێبەجێ نەکراون.
ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتۆن و تاران، ئاسۆیەکی کاتی دەکاتەوە کە ماوەی 60 ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمەش تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ ئێران، عێراق و گرووپە چەکدارەکان؛ لە کاتێکدا وا دەردەکەوێت گەورەترین ڕێگر لەبەردەم ئەم قۆناغەدا، ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی چەک بێت لەلایەن هەندێک لەو گرووپانەوە.
حکوومەتی عەلی زەیدی لەژێر گوشاری ئەمریکادا، دەستی کردووە بە کردنەوەی سێ مەلەفی هەستیار لە یەک کاتدا: سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی هەژموون و دارایی سەر بە گرووپە چەکدارەکان، و دەستپێکردنی چاکسازیی ئابووریی بەرفراوان.
مۆڵەتی ئەمریکی و تاقیکردنەوەی ئێرانی
میسال ئالووسی، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشوو، دەڵێت کە قەیران، ململانێ و جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران زۆر گەورەتر، قووڵتر و مەترسیدارترە لەوەی تەنیا ڕاگەیاندنی لێکگەیشتنێک، نیازباشییەک یان درێژکردنەوەی ئاگربەستێک بێت.
ئالووسی دەشڵێت: ئەوەی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ڕاگەیەندراوە، لە درێژکردنەوەی ئاگربەستێک زیاتر نییە، لە کاتێکدا مەلەفە سەرەکییەکان هێشتا لەژێر تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوەدان.
بەگوێرەی گوتەی ئالوسی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆڵەتێکی 60 ڕۆژەی داوە بە ڕژێمی ئێران بۆ سەلماندنی نیازباشی و نیشاندانی تواناکانی لەوەی کە ببێتە “ڕژێمێکی باش لە ناوخۆی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوچەیی”.





