بافڵ تاڵەبانی لە دەرگای گازی سروشتیەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان قسە دەکات

ڕۆژی دووشەممە تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، ئەمڕۆ سێشەممە باراک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداوە بە کورد مۆنیتەری راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کراون بۆ کۆبونەوە لەگەڵ تۆم باراک، لەکۆبوونەوەکەدا کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەشداربووە، وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی: یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی باراک لە بەغدا، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی: بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و وتی، شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستا خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

یەکێتی لە دەرگای وزەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ دەکات

بافڵ تاڵەبانی لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەکەدا کێشەی وزە خرایەبەر باس و سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە پلانێکی ستراتیجی کێشەی وزە لە تەواوی عیراق چارەسەر بکات.

هەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە خاڵی یەکتربڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا، و بازاڕەکانی وزەی ئەوروپا، خاوەنی سامانی غازی سروشتیی بەرچاوە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە ستراتیژیی وزەی درێژخایەنی ئەوروپادا بگێڕێت.

هەرێمی کوردستان خاوەنی هەندێک لە پڕهیواترین یەدەگی غازی پەرەنەسەندووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کێڵگەی کۆرمۆر لە ئێستادا بەشداری لە بەرهەمهێنانی وزەی ناوچەییدا دەکەن، لە کاتێکدا پڕۆژەکانی تری وەک کوردە میران و تۆپخانە-کوردەمیر توانای ئەوەیان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەرهەمهێنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر کە لە دوو سەرچاوەی باڵاوە زانیاریی دەستکەوتووە، یەکێتی دەیەوێت لەکابینەکەی عەلی زەیدی یاسای نەوت و گاز بنێردرێتە پەرلەمان و تێپەڕێنرێت، بۆئەوەی گازی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بچێتە نێو ڕێڕەوی وزەی جیهانیەوە، لەسەرەتادا خواستی عێراق پڕبکاتەوە، دواتر لەڕێگەی تورکیاوە بگاتە ئەوروپا.

وەک ئەو سەرچاوانەی کورد مۆنیتەر گوتیان، لەگەڵ لایەنی تورکی بۆ ئەو مەبەستە قسە کراوە، چونکە گازی کوردستان دەتوانێت بەشداری بکات لە ئاسایشی وزەی ناوخۆییو ڕۆڵی ئەنقەرە وەک ناوەندێکی گواستنەوە بەهێز بکات، و پشتبەستنی ئابووریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان قوڵتر بکاتەوە. ئەم یەکگرتنەی بەرژەوەندییەکان، هاوتەریبییەکی دەگمەن لە نێوان هاندانە ئابوورییەکان و ئامانجە جیۆپۆلەتیکییەکاندا دروست دەکات.

Back to top button