ئەوانەی ریکلامیان بۆ کارەکانی حکومەت دەکرد عەلی زەیدی پارەکەی بڕین

سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق، کە نزیکن لە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانەوە، ئاشکرایان کردووە کە ناوبراو ئەو پاداشتە داراییانەی ڕاگرتووە کە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی پێش خۆی بە هەندێک لە میدیاکاران، ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی دەزگا ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و عەرەبییەکانی دەدا، کە ڕیکلامیان بۆ حکومەت و پڕۆژەکانی دەکرد.

ئەم پاداشتە بە ناونیشانی “پشتیوانی میدیایی” پێشکەشی ڤلۆگەر، ڕاگەیاندنکاران، ڕۆژنامەنووسان و دروستکەرانی ناوەڕۆکی عێراقی دەکران، لەبەرامبەر بەبازاڕکردن و ناساندنی چالاکییەکانی حکومەت، پڕۆژە و ڕێکارەکانی سەرۆک وەزیران. ئەمەش لەلایەن ناوەندە پیشەیی و ئەکادیمییەکانەوە ڕەت دەکرایەوە، بەهۆی ئەو گومانانەی کە لەسەر وەرگرتنی دیاریی یان پاداشت لەبەرامبەر لەسەر چاوپۆشیکردن لە گەندەڵییەکانی حکومەت هەبوون.

بڕی پاداشتی یەک کەس مانگانە دەگەیشتە 3 ملیۆن دیناری عێراقی کە دەکاتە زیاتر لە دوو هەزار دۆلاری ئەمریکی، تەنانەت پێشکەشکاری بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکانی کەناڵە ئاسمانییە عێراقیەکانیشی دەگرتەوە. بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانەی کە لە عەلی زەیدییەوە نزیکن، ئەم پاداشتانە دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ستافی کارگێڕی و ڕاگەیاندنی ئەودا کران، بە تەواوی ڕاگیران و کۆتایی بەو جۆرە پارەدانانە هێنرا کە لە بەرژەوەندی سەرۆک وەزیرانی پێشوودا بوو و لەسەر ئەرزی واقیع لە ڕێگەی گوتاری میدیایی و ڕۆژنامەوانی پاڵپشتیکاری حکومەتەوە ڕەنگی دەدایەوە. سەرچاوەکان ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووس و ڤلۆگەرانەیان ئاشکرا نەکرد کە سوودمەند بوون لەم بەخشیشانە، بەڵام ژمارەکەیان بە دەیان کەس خەمڵاند.

هەروەها حکومەتەکەی سودانی ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەردەوام بووەوە بەهۆی گوشار خستنە سەر هەندێک لە دروستکەرانی ناوەڕۆک و ڤلۆگەران و ڕاوەدوونانیان لەسەر پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. سەرەڕای ئەوەش، ڕێکاری چاودێری توند ئەنجامدرا، کە ڕاگرتنی هەندێک بەرنامەی تەلەفزیۆنی گرتەوە بە بیانووی بەزاندنی سنووری ڕەخنە و گەیشتن بە ئاستی سوکایەتیی، هەروەها داخستن و بلۆککردنی پلاتفۆرم و دەزگای میدیایی بە بیانووی ڕێکخستنەوە؛ ئەمەش بووە هۆی پاشەکشەکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕین و کەوتنی لەژێر کاریگەریی لێکدانەوەی وردی سیاسی و ئەمنیدا، ئەمە جیا لە تۆمارکردنی سەدان داوای یاسایی دژی ڕۆژنامەنووسان، ڤلۆگەران و شیکەرەوان.

سەنتەری “نەخیل” بۆ مافەکان و ئازادییەکانی ڕۆژنامەگەری مانگی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە حکومەتی سودانی نزیکەی هەزار پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە نێوان کۆتایی ساڵی 2022 و ناوەڕاستی ئایاری 2026 دا تۆمار کردووە، و ئەو قۆناغەی بە یەکێک لە پڕگوشارترین سەردەمەکان بۆ سەر میدیا لە عێراقدا وەسف کرد. سەنتەرەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی زەیدی کرد کە “داوا یاساییەکانی دامەزراوە حکومییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان بکێشێتەوە، و دۆسیەکانی پێشێلکاری، گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە ماوەی خولی حکومەتی پێشوودا بکاتەوە”.

Back to top button