
ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تەرخان دەکرێت بۆ پرسی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنێک کە نزیکەی سێ ساڵە هەڵوەشاوەتەوە و ئەندامەکانی بەبێ هیچ ئەرکێک مانگانە مووچەی خۆیان وەرگرتووە و ئێستا خانەنشین دەکرێن.
ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 90 ئەندامی هەیە (سلێمانی 32 ئەندام، هەولێر 30 و دهۆک 28) ئەندام، بەپێی یاسای چاکسازی (یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020) کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، گۆڕانکاریی لە مووچە و دەرماڵەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کرا بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
مووچەی مانگانەی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا (کە هاوتای بەڕێوەبەرێکی گشتییە بەپێی پلەبەندی وەزیفی) لە نێوان دوو ملیۆن و 500 هەزار بۆ 2 ملیۆن و 800 هەزار دینار دایە، ئەمەش دوای بڕینی دەرماڵە زیادەکان و ڕێکخستنەوەی بەپێی یاسای چاکسازی. بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر، هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنەکان لە سێ ملیۆن دینار کەمتری وەرنەگرتووە.
مانگی ئابی 2023 بە فەرمی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنرانەوە، ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات کە تەمەنی یاسایی ئەنجومەنەکان کۆتایی هاتبوو، بەڵام پەرلەمانی کوردستان تەمەنیانی درێژکردبووەوە. دادگای فیدراڵی ئەو درێژکردنەوەیەی بە “نایاسایی و نادەستووری” لەقەڵەمدا. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ئەندامانی ئەو ئەنجومەنانە هیچ کارێکیان نیە و تەنانەت لیژنەکانیشیان کارا نین، وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە داوای‌کرد ناوەکەی بڵاو نەکرێتەوە گوتی: ئەگەر بچینە باڵەخانەی ئەنجومەن بۆ جەو گۆڕین دەڕۆین، چونکە هیچ کارێک نییە بیکەین”.
لەماوەی نزیکەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 28 مووچەیان وەرگرتووە (شەش مووچەیان هاوشێوەی تەواوی فەرمانبەران فەوتاوە) هەر یەکەیان 84 ملیۆن دیناری وەرگرتووە، کۆی گشتی 28 مووچەی ئەو ئەندامانە لەماوەی نزیکەی سێ ساڵدا حەوت ملیار و 560 ملیۆن دینار بووە.
نیسانی 2014 دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. تەمەنی یاسایی ئەنجومەنەکان تەنها چوار ساڵ بوو، واتە دەبوو لە 2018 کۆتایی بێت.
مێژووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له مێژووی عێراق و كوردستاندا لە دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق دروستبوو، هه‌ڵبژاردنەکە، به‌پێی یاسای ژماره (71)ی ده‌سه‌ڵاتی كاتیی هاوپه‌یمانان بوو، كه ڕۆژی (6/4/2004)، له‌لایه‌ن (پۆڵ بریمه‌ر) حاكمی مەدەنی ئەوکاتەی عێراق ده‌ركرابوو، رۆژی 31/1/2005 یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له عیراق به‌رێوه‌چوو، به‌پێی ئه‌و یاسایه هه‌ر پارێزگایه‌ك 41 ئه‌ندامی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵبژارد.
ه‌سه‌ره‌تای ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ژماره (3) له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوو. هەروەها له‌كۆتایی ساڵی (2008)شدا، یاسای ژماره (21)ی ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌هه‌رێمێكدا رێكنه‌خراون، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه ده‌رچوو.
لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەنها دوو جار ئەنجامدراوە، هەڵبژاردنی یەکەم 30ی کانوونی دووەمی 2005 بوو، هەڵبژاردنی خوولی دووەم دەبوو لە 2009 ئەنجام بدرایە، بەڵام بە دوای نۆ ساڵ و لە 30ی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی خوولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا.





