
ئاژانسی “بلومبێرگ” ئاشکرایکرد، حکوومەتی تورکیا مەرجی قورس بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک-جەیهان لەگەڵ عێراق دادەنێت، بڕیارە ئەو رێککەوتنە لە 27ی تەممووزی داهاتوودا بە تەواوی کۆتایی پێ بێت.
بەرپرسێکی باڵای تورکیا بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ئەنقەرە داواکاری بەغدای بۆ درێژکردنەوەی یەک ساڵەی رێککەوتنەکە رەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە، بەهۆی کێشە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، ناتوانن بە شێوازە کۆنەکە بەردەوام بن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، تورکیا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ، داوای بەڵێننامەی درێژخایەنی پێنج بۆ 10 ساڵە دەکات و جەخت لە بەکارهێنانی تەواوی توانای بۆرییەکە دەکاتەوە، کە ئەم بۆرییە رۆژانە توانای گواستنەوەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر عێراق بۆرییەکەش بەکارنەهێنێت، دەبێت کرێی تێپەڕبوونی پێ بدات.
لە بەرانبەردا، حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ 770 هەزار بەرمیل زیاد بکات تا لایەنی تورکی رازی بکات، بە پێچەوانەوە ئەگەری هەیە بە بڕیاری سەرۆککۆماری تورکیا هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تەواوی رابگیرێت.
ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی نێوان هەردوو وڵات دوای ئەوە دێت، دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی، تورکیای بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار سزا دا بەهۆی هەناردەکردنی بێ مۆڵەتی نەوتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی 2023ی تورکیا و چەندین کێشەی تەکنیکی، هەناردەکردنەکە بۆ ماوەیەک راوەستا و دواتر لە ئەیلوولی 2025 دەستی پێکردەوە.
کۆمپانیای “سۆمۆ”ی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا ئاستی هەناردەکردن لە نێوان 170 بۆ 180 هەزار بەرمیلدایە؛ بەڵام حکوومەتی عێراق پلانێکی پەسەند کردووە بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو مانگ و نیودا بۆ 770 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات.





