
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێبکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و بە بەشداریی نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت، لەو کۆبونەوەیەدا تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران تاوتوێدەکرێت.
کورد مۆنیتەر زانیویەتی، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لە هەنگاوی داهاتووی یەکێتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێت.





