مانگی ئاب دوا مۆڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

  • لەکۆبونەوەی تۆم باراک و پارتی و یەکێتی دوا وادە بۆ پێکهێنانی حکومەت دیاریکراوە
  • حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان

لە دوای سەردانەکەی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەغدا و هەولێر، جموجوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان چڕبوونەتەوە، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبونەوە، دواتریش ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەستی بە کۆبونەوە کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر باسی لەوەکرد، لە سەردانەکەی تۆم باراک بۆ هەولێر، مانگی ئاب وەک دوا وادە دیاریکراوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی: کێشەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆخی هەرێم نەبووە، بەڵکو بووەتە گرفت بۆ حکومەتی عێراقیش، چونکە لەم دۆخەدا کە کابینەی 10 پێکنەهاتووە حکومەتی عێراق ناتوانێت ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ بکات، چونکە حکومەتی هەرێم بوەتە کاربەڕێکەر. سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتیشی: ئەگەر دوای مانگی ئاب کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکنەهێنرا، بەغدا هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان ناکات.

بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید کۆبوەوە، دواتریش کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەرێم و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ پارتی ئەنجامدرا.

Back to top button