
سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل، هێرشێکی تووندی کردە سەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، نەتەنیاهوو بەبێ گوێدانە کاردانەوەی تورکیا و هەژموونی ئەردۆغان لە واشنتن، کاری لەسەر پلانی کورد بۆ لێدانی ئێران کردووە، بەڵام سەرۆکی تورکیا لەو بارەیەوە تەمێی کرد.
رۆژی شەممە یائیر لافید، لە لێدوانێکی رەخنەگرانەدا سەبارەت بە سیاسەتەکانی نەتەنیاهوو لە جەنگی ئێراندا گوتی: “نەتەنیاهوو گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە ژیانی دا، کە تێیدا هەموو ئەو زانیارییانەی بە دڵی نین، سەرکوت دەکات. ئەو پلانی چەکدارکردنی کوردەکانی ئێرانی گەڵاڵە کرد بەبێ ئەوەی رەچاوی کاردانەوەی چاوەڕوانکراوی تورکیا و ئەو کاریگەرییە بکات کە ئەردۆغان لە واشنتن هەیەتی؛ ئەردۆغان تەمێی کرد.”
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لە شوباتی 2026، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چوارچێوەیەکی نهێنییان داڕشتبوو بۆ پڕچەککردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان) کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە. ئامانجی پلانەکە ئەوە بوو کە ئەو هێزانە هێرشێکی زەوینی بکەن و هانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ناو ئێران بدەن.
رۆژی 6ی حوەزیران، رۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکیا بڵاویکردبووەوە، تورکیا هۆشداریی داوەتە کۆشکی سپی کە بەهێزکردنی گرووپە چەکدارە کوردییەکان لەسەر سنوورەکانی، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی و ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، دوای چەندین گفتوگۆی ئەردۆغان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کتوپڕ ستراتیژیی خۆی گۆڕی و فەرمانی دا دەستبەجێ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی بۆ ئەو گرووپانە رابگیرێت و پلانەکە هەڵوەشێنرایەوە.
سەرەڕای پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەدا، هەڵوێستێکی سەربەخۆیان هەبوو. لە شوباتی 2026، لایەنە سەرەکییەکان وەک (حدکا، پژاک و کۆمەڵە) لە ژێر چەتری “هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران” یەکیان گرت، بەڵام رەتیانکردەوە وەک “بریکاری سەربازی” کار بکەن.
سەرکردەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێیان وابوو کە دەستپێشخەرییەکی سەربازیی جیاواز لەلایەن کوردەوە بەبێ راپەڕینێکی سەرتاسەری، دەبێتە هۆی تۆڵەکردنەوەیەکی تاران بەبێ ئەوەی هەڕەشەی جیدی لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی دروست بکات. هەرچەندە نەچوونە ناو پلانەکەشەوە، بەڵام ئێران بە درێژایی ململانێکان، بەردەوام بنکەکانیانی لە هەرێمی کوردستان بە مووشەک و درۆن بۆردوومان دەکرد.





