
لەکۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی داوەتە سەرۆکی نوێ، کە وەک خاوەنی هاوپەیمانێتیەکی 38 کورسیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دانوستاندن دەکەن، نەك وەک یەکێتی کە خاوەنی 23 کورسییە.
سەرچاوەیەکی باڵای نەوەی نوێ بۆ کورد مۆنیتەر باسی لەوەکرد، لەم هەفتەیەدا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، سەرۆکی یەکێتی دڵنیایی داوە لەوەی حزبەکەی پابەندی هاوپەیمانێتیەکەی دەبێت لەگەڵ نەوەی نوێ، هاوکات گوتیشی: داواکاریی یەکێتی و نەوەی نوێ دابەشکردنی پۆستەکانە بەشێوەی 50 بە 50، هەروەها پێدانی وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی.
لەحاڵەتی دانپێدانەنانی پارتی بە هاوپەیمانێتیەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ ئەو سەرچاوەیە گوتی: لەو کاتەدا دەستکراوەین بۆ بڕیاردان لەو دۆخە چەقبەستووەی پارتی دروستیکردووە، بە دڵنیاییەوە پەنا بۆ دادگای فیدراڵیی عێراق دەبەین و سکاڵا لەسەر نایاسایبوونی ئەو دۆخە تۆمار دەکەین کە بەهۆی نەهاتنە پێشەوەی پارتی دروستبووە.





