
- تا کۆتایی ئەم مانگە یەکێتی چاوەڕێی پارتی دەکات
- لەدادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر کابینەی نۆ تۆمار دەکات
کێشەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قوڵتر بوونەتەوە، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی هەنگاوی داهاتووی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە و یەکێتی بەنیازی تۆمارکردنی سکاڵایەکە لە دادگای فیدراڵیی عێراق.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، ئەگەر تا کۆتایی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بۆچوونی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو واقعە تازەیەی دروستبووە سوربێت، ئەوا یەکێتی پەنا بۆ بژاردەی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵیی عێراق تۆمار دەکات.
ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر جەختیکردەوە لەوەی، واقعە تازەکەی دروستبووە بریتییە لەوەی پارتی دانوستان لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکی 39 کورسیی بکات، نەک 23 کورسی.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ سکاڵا لەسەر ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار دەکرێت یاخود نا؟ ئەو سەرچاوەیە گوتی: هیچ بیرۆکەیەک نیە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر خولی شەشەم، چونکە هەموو لایەنەکان بە یەکێتیشەوە دەزانن هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن قورسە و کێشەی گەورەتر دروست دەکات.





