
کچە خوێندکارێک لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد گوتویەتی: من ئەو کەسەم کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی د. عەبدوللەتیف بووە و دەنگەکەی بڵاوبوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر کە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتووە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی د. عەبدوللەتیف داوایان لە ناوبراو کردووە لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوەدا ئامادە بێت، ئەویش ڕۆژی سێشەممە چووەتە بەردەم لیژنەکە و گوێی لەو تۆمەتانە گرتووە کە ئاڕاستەی کراون.
وەک سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کورد مۆنیتەری گوت: یەکێک لەو کەسانەی سکاڵای لەسەر د. عەبدوللەتیف هەبووە کچە خوێندکارێکی خۆی بووە، چوەتە نێو کۆبوونەوەکەوە و گوتویەتی: من ئەو کچەم کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووم و دواتر دەنگەکەم بڵاوبوەتەوە.
لەبەرامبەردا د. عەبدوللەتیف تۆمەتەکانی ڕەتکردوەتەوە و بە هەوڵێکی بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ لێدان لە کەسایەتیەکەی ناویبردووە.
ئێستا کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووی وەرگرتنی وتە لە خوێندکاران و شایەتحاڵەکان تەواو بووە، چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوە لە ڕاست و دروستیی دەنگەکان دەکرێت و دواتر لیژنەکە ئەنجامەکان رادەستی زانکۆی سلێمانی دەکات، وەك سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر ئاشکرایکرد، زانکۆی سلێمانی لە یەکلابوونەوەی ئەنجامەکاندا، تەواوی بەڵگەکان دەداتە دادگای سلێمانی.





