تەیف سامی: قسەکانی مەسعود حەیدەر لەسەر دیارنەمانی 140 ملیار دۆلار ناڕاستن

تەیف سامى، وەزیری پێشووی دارایی عێراق، وەڵامی مەسعوود حەیدەر، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی دایەوە سەبارەت بە دەنگۆی ونبوونی 140 ملیار دۆلار لە پارەی گشتی.

سامى لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: “ئەو قسانەی مەسعوود حەیدەر، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی کە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بانگەشەی ونبوونی بڕی (140) ملیار دۆلار لە پارەی گشتی دەکات، جەخت دەکەینەوە کە ئەم بانگەشانە دوورن لە ڕاستییەوە و پشت بە هیچ ڕاپۆرت یان بەڵگەنامەیەکی فەرمی نابەستن کە لەلایەن لایەنە چاودێرییە تایبەتمەندەکانەوە دەرچووبن”.

ڕوونیشیکردەوە کە: “داهاتی نەوت لەژێر چاودێری و وردبینییەکی تونددایە لەلایەن دامەزراوە چاودێرییەکانەوە، کە لە پێشەنگیاندا دەستەی دەسپاکی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵین، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەکانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی نەوت خەسڵەتی وردبینی و هاوتاکردنی نێودەوڵەتی پەسەندکراویان هەیە لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەی کە تایبەتمەندن بە چاودێریکردنی بارە نەوتەکان و هاوتاکردنی بڕی هەناردەکراو لەگەڵ داهاتی بەدەستهاتوودا، ئەمەش وا دەکات ونبوون یان لەدەستچوونی ئەو بڕە پارانەی ئاماژەیان پێکراوە بەبێ دەرکەوتنیان لە تۆمار و ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا، مەحاڵ بێت.”

سامى لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “هەروەها داهاتی نانەوتی لە ساڵانی کۆتاییدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە ئەنجامی ئەو ڕێوشوێنە چاکسازیانەی کە لەلایەن حکومەت و وەزارەتی داراییەوە گیراونەتەبەر، کە لە پێشەنگیاندا جێبەجێکردنی سیستمی خاڵەکانی فرۆشتن (POS) بوو، لەگەڵ بەدواداچوونی کۆمپانیا گشتییەکانی دابینکەر بۆ دەوڵەت بۆ پابەندکردنیان بە دانی ئەو بڕە پارانەی لەسەریانە، بەپێی ڕێساکانی یاسا و بە پەسەندکردنی دیوانی چاودێری دارایی و گواستنەوەی ئەوەی لێی دەمێنێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.”

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: “بە هەمان شێوە، سیستمی ئۆتۆماتیکی گومرگی (ئاسیکۆدا) جێبەجێ کراوە و وەرگرتنی باج و ڕسومات لە ڕێگەیەوە چالاک کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی کارایی کۆکردنەوەی داهات و سنووردارکردنی بەفیڕۆدان و دەستکاریکردن، جگە لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی، یاسای بوودجە و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.”

ئاماژەی بەوەش کرد کە: “لە قۆناغی دووەمی چاکسازییە داراییەکاندا، داهاتی نانەوتی بە ڕێژەی زیاتر لە (100٪) بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیادی کردووە، سەرەڕای جێبەجێکردنی سیستمی گەنجینەی یەکگرتوو کە بەشدار بووە لە ڕاکێشان و کۆکردنەوەی ئەو باڵانس و بڕە پارە بێجووڵە و ڕاگیراوانەی لە هەژمارە حکومییە ناچالاکەکاندا بوون و خستنەژێر چاودێری و بەڕێوەبردنی دارایی ناوەندییەوە.”

وەزیری پێشووی دارایی داوای لە “لایەنە تایبەتمەندەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی کرد کە وەڵامی پیشەیی ئامادە بکەن کە بنمایان لەسەر زانیاری فەرمی بێت بەرامبەر بە هەر لێدوان یان بانگەشەیەک کە دژایەتی ئەو ڕاستییانە بکات کە لە تۆمار و ڕاپۆرتە چاودێرییەکاندا جێگیر کراون.”

جەختیشی کردەوە کە: “دۆسیەی داهاتی هەرێمی کوردستان جیاوازە لە باقی داهاتە فیدراڵییەکان، چونکە داهاتی تایبەت بە هەرێم نەهاتووەتە ناو گەنجینەی فیدراڵی بەو شێوازەی کە ڕێگە بدات بخرێتە ناو ئەو هەژمار و داهاتانەی ئاماژەیان پێکراوە”، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە: “پاراستنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دارایی و چاودێرییەکان، پێویستی بە وردبینی و بەرپرسیارێتی هەیە لە کاتی لێدوانداندا، و پشت بەستن بە ڕاستی و بەڵگەنامە فەرمییەکان بەدوور لە خەمڵاندن یان بانگەشەی بێ بەڵگە.”

Back to top button