
فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرکردایەتی و تەواوی بەرپرسیارێتیە حزبییەکانی دیکە، پێشکەشی جێگری سەرۆکی یەکێتی کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، سەرەتای ئەم هەفتەیە فەیسەڵ کەریم خان نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی ڕەفعەت عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی کردووە.
وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی: فەیسەڵ کەریم خان بە تەواوی لە کاری حزبایەتی دوور دەکەوێتەوە و وەک کەسێتییەکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە.
فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی کێیە؟
فەیسەڵ کەریم خان لە بنەماڵەی “شێخانی برادۆست”ە، کە بنەماڵەیەکی خاوەن پێگەی ئاینی، کۆمەڵایەتی و عەشایەریی بەهێزن لە دەڤەری سۆران و سیدەکان لە پارێزگای هەولێر.
فەیسەڵ کەریم خان، لە ساڵی 2021 کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی بوو لە بازنەی پارێزگای هەولێر و بەتەنیا توانی 28 هەزار دەنگ بە دەستبهێنێت و نزیک بوو لە نیوەی دەنگی یەکێتی لەو پارێزگایە.
ڕۆژی 8-12-2022 بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەستنیشانکرا.
محەمەد فەیسەڵ کەریم خان لە ساڵی 2024 کاندیدی یەکێتی بوو بۆ پەرلەمانی کوردستان و توانی دەنگی دووەمی یەکێتی بە دەست بهێنێت لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر.
پەیوەندی بنەماڵەی کەریم خانی برادۆست و یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی نێوان مام جەلال و کەریم خانی برادۆستی.





