
- وەزیری دارایی عێراق سورە لەسەر لێبڕینی 120 ملیار دینار لەپارەی مووچە
- عەلی زەیدی داوایکردووە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕێککەوتن بکرێت
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، لە مووچەی ئەم مانگەوە بەغدا 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆی ئەو پارەیە دەبڕێت کە بۆ مووچە دەینێرێت، واتا لەم مانگەوە نزیکەی 835 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، نەک 950 ملیار دینار.
ئەو سەرچاوە باڵایە باسی لەوەشکرد، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێت و لەسەر پرسی داهاتەکانی ناوخۆ داوای ڕێککەوتنی نوێیان لە بەغدا کردووە، بەڵام عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامی بۆ حکومەتی هەرێم ناردووە، کە دوای پێکهێنانی کابینەی 10 دەتوانن دانوستان بکەن لەسەر هەر بڕە پارەیەکی مانگانەی داهاتی ناوخۆی هەرێم.
سەرچاوەکە وردەکاریی پەیامەکەی زەیدی ئاشکراکرد و گوتی: سەرۆک وەزیران گوتویەتی: “دەزانم حکومەتی هەرێم ناڕازییە و بەردەوام دەڵێن ناردنی 120 ملیار دۆلار یاسایی نییە، بەڵام چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربەڕێکەرە، ناتوانم ڕێککەوتنی نوێیان لەگەڵدا واژۆ بکەم”.
لەبارەی دروستبوونی کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەگەر بەغدا 120 ملیار دینارەکە ببڕێت، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە وادەی دابەشکردنی مووچە درێژ دەکاتەوە، چیتر وەک رابردوو لەماوەی سێ رۆژدا مووچە دابەش ناکرێت، بەڵکو ئەگەری هەیە بگاتە نزیکەی 12 ڕۆژ.





