
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن سەردانێکی پرۆتۆکۆلیی تێپەڕ نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتنی لایەنەین بونیاد نراوە.
عەلی زەیدی لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز چاوپێکەوتنێکی ئەنجامداوە و ڕایگەیاندووە، لە ئەیلوولی داهاتوودا، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکەکەیان دژی داعش کۆتایی پێدەهێنن و بە یەکجاری عێراق بەجێدەهێڵن. هەربۆیە بۆ قۆناغی داهاتوو، چاوەڕوانین ئامادەیی ئەمریکا لە ڕێگەی هاوبەشی ئابووریی، وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە بێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، ڕێنماییمان داوەتە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و پەیوەندییەکان کە لە بوارەکانی وزە، پەیوەندی، تەکنەلۆژیا و گەشەپێداندا کاردەکەن، ئەولەویەت بدەنە کۆمپانیا بەناوبانگ و باوەڕپێکراوەکانی ئەمریکا، ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابووری، بڕیاری گرنگی سەبارەت بە پڕۆژە گەورەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا داوە، لەوانەش کۆمپانیاکانی شیڤرۆن، هالیبێرتۆن و کۆمپانیای (HKN)، سەرەڕای پێدانی دەرفەتی کارکردن لە کێڵگە نوێیەکان و بلۆکەکانی گەڕان و پشکنین.
جەختیش لەوە دەکاتەوە، کەرتی پەیوەندییەکان بەرەو هاوکاریی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای ستارلینک هەنگاو دەنێت، بە شێوازێک کە ژێرخانی دیجیتاڵی لە عێراقدا بەهێز بکات، جگە لەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی پرسی “سندووقی وزە و گەشەپێدان” تاوتوێ دەکەین، کە لە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێدەکات تا دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل، ئەمەش بەپێی بارودۆخی ئابووریی و توانای بەرهەمهێنان، و ڕەنگە لە دەرەوەی سنووردارکردنی پشکەکانی ئۆپێکیش بێت.
وتیشی “پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەسەر بنەمای هاوسێیەتی باش، ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەشە، وەک چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا بەو شێوازەیە”.





