ئاڵدار خەلیل: کورد شەڕی حزبوڵڵای لوبنانی ناکات

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ڕایدەگەیەنێت، هێزە کوردییەکان بەشداری لە هیچ شەڕێکدا ناکەن کە لە نێوان دیمەشق و حزبوڵڵای لوبنانیدا ڕووبدات.

ئاڵدار خەلیل لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی “ڕۆناهی”ڕوونی کردەوە کە هەسەدە و یەپەگە بۆ بەشداریکردن لە مەشق و ڕاهێنانە سەربازییەکانی سوپا دەچنە نێو وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام بەشداری لە هیچ شەڕێکدا ناکەن کە لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و حزبوڵڵای لوبنانیدا ڕووبدات.

ئەم سەرکردە کوردە ڕاشیگەیاند، ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، ئەرکی ئەو هێزانەی بە پاراستن و بەرگریکردن لە ناوچە کوردییەکان دیاریکردووە.

خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد،کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم بەردەوامە و ئاشکرایکرد، کە دۆسیە سەربازی و ئەمنییەکان، دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان و نەوت، دۆسیەی گشتین و پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی گشتیی دەوڵەتەوە هەیە، بەڵام سەبارەت بەو دۆسیانەی کە پەیوەستن بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا هێشتا بەردەوامن.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە یەکشەممەی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەنیاز نیە لە شەڕی حزبوڵڵای لوبنانی تێوەبگلێت، وەک شەرع گوتی، ئامانجی ئەوان دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئارامە کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بکات و سەقامگیری و پێکەوەژیان بپارێزێت، هۆکارێکیش بێت بۆ کردنەوەی کەناڵی نوێی هاوکاریی، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێداندا.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە ئەو لە هەوڵەکانی ئیسرائیل دژ بە حزبوڵڵا “نائومێد بووە” و بیر لەوە دەکات کە بەرپرسیارێتییەکە بسپێرێت بە سووریا، ترەمپ گوتیشی: “سووریا ئەرکەکەی دژ بە حزبوڵڵا بە بە وردییەکی زیاترەوە جێبەجێ دەکات”.

لەلایەکی دیکەوە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، چوارشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، هێزێکی سوریا ڕەوانەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لوبنان کراوە، کە ژمارەیەک ناوچەی سنووری و ستراتیژی دەگرێتەوە، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی سەرلەنوێ بڵاوەپێکردنەوەی سەربازی و ناردنی سەربازانی خاوەن ڕەگەزنامە جیاوازەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ سنورەکانی نزیک لە لوبنان.

Back to top button