ترەمپ باری نائاسایی لە عێراق درێژکردەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باری نائاسایی نیشتمانیی تایبەت بە عێراقی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژکردەوە، ئەم ڕێوشوێنەش ڕێگە دەدات سەرجەم داهاتەکانی نەوت لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادا لە هەژمارێک لە یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرک دابنرێن.

له‌ فەرمانی جێبەجێکردنی ترەمپدا کە لە ڕێککەوتی 4ی ئایاری 2026 بۆ کۆنگرێس نێردراوە هاتووە، ئەم درێژکردنەوەیە لەبەر ئەوەیە کە بارودۆخی پەیوەندیدار بە سەقامگیریی وڵاتەکە هێشتا وەک “هەڕەشەیەکی نائاسایی” بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەمێنێتەوە.

ترەمپ ڕوونیکردەوە کە باری نائاسایی، کە لە ڕێگەی چەندین فەرمانی جێبەجێکردنی دواترەوە مەوداکەی فراوانکراوە و هەموار کراوە، دوای 22ی ئایاری 2026یش بە بەردەوامی دەمێنێتەوە.

ئەم فەرمانە جێبەجێکردنە لە سەرەتادا دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 واژۆ کرا، و لەو کاتەوە ساڵانە نوێ دەکرێتەوە، کە تێیدا “ئاسایشی نیشتمانی” وەک هۆکار بۆ بەردەوامیی بڕیارەکە دادەنرێت.

حوسێن عەسکەری، شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت، بەپێی ئەم فەرمانە، کاتێک عێراق نەوت بە کۆمپانیا بیانییەکان دەفرۆشێت لەوانەش گەورەترین کڕیارەکان چینییەکان، داهاتەکەی لە هەژمارێک لە یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرک دادەنرێت، نەک لە بانکێکی عێراقی.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم هەژمارە لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە کۆنترۆڵ دەکرێت.

Back to top button