دوو وەزیر لە سەرووی لیستی داواکراواندان و پارەکانیش لەناو بەرمیل و ئاوەڕۆکاندا دەشاردرێنەوە

حسێن عەرەب، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ڕایگەیاند، گەندەڵی لە عێراقدا بووەتە کارێکی دامەزراوەیی و ئێستا مەترسییەکی وجوودی لەسەر دەوڵەت دروست بووە.

حسێن عەرەب لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکرد، لە یەک جموجۆڵدا بڕی 150 ملیۆن دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات حەواڵە کراوە و ملیارەها دیناریش لەناو “ئاوەڕۆ و بەرمیلەکاندا” کۆگاکراون. هەروەها ڕوونی کردەوە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو وەزیری پێشوو لە حکومەتەکەی سودانیدا دەرچووە.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا دەڵێت: دادوەریی عێراق لە دۆخی ئێستایدا یەکلاکەرەوەیە و بەرەو شکاندنی کۆتوبەندەکانی پارێزبەندی و زنجیرەکان هەنگاوی ناوە بۆ ڕاوەدووڕان و دادگاییکردنی ئەو پەرلەمانتار، وەزیرانی پێشوو، بریکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە تێوەگلاوانەی کە تۆمەتبارن بە دەڵاڵی و شەرعیەتدان بە گەندەڵی لە ڕێگەی “پێنوسی سوور”ـەوە.

عەرەب ئاماژەی بەوەش کرد کە “دامەزراوەی پەرلەمانی عێراق قۆستراوەتەوە بۆ دروستکردنی ڕووپۆشێک بۆ کوتلە سیاسییەکان و ئابوورییەکەیان و شەرعیەتدان بە گەندەڵی، چونکە پێنوسی سوور هاوکاری پێنوسەکانی سەوز، ڕەش و شین دەکات بۆ شەرعیەتدان بەم پرۆسەیە. بەڕاستی گەندەڵی بووەتە کارێکی دامەزراوەیی، و شەڕکردن دژی بووەتە پێویستییەکی وجوودی بۆ دەوڵەتی عێراق، وەک چۆن سەرۆک وەزیران بە (مەترسییەکی وجوودیی) وەسفی کردووە. ئێمە چیتر بە نهێنی نادزین، بەڵکو پارەیەکی زۆر هەیە کە کۆکراوەتەوە و حەشاردراوە.

زانیاری زیاتریشی خستەڕوو کە “ئەو پارانەی لە ماڵەکاندا کۆکراونەتەوە، هی بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بریکارانی وەزارەتەکان و پەرلەمانتارانە؛ کەسێک هەیە 60 ملیار، یەکێکی تر ملیارێک و کەسێکی تریش 300 ملیار دیناری کۆکردووەتەوە، تەنانەت من ژمارەیەکی سەیرم لەلایە کە ئاماژە بە حەواڵەکردنی 150 ملیۆن دۆلار دەکات لە تەنها یەک جموجۆڵدا لە ناوخۆوە بۆ دەرەوە، کە ئەمەش تاوانێکی گەورەیە”. ڕوونیشی کردەوە کە “کەسانێک هەن پارە لەسەر سەربان، لەناو ئاوەڕۆکان و لەناو بەرمیلی تایبەتدا کۆدەکەنەوە. پارێزبەندی لەسەر هەندێک لە تۆمەتباران لادراوە و دوو وەزیری پێشووش لە حکومەتەکەی سودانی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، دۆسیەکەش درێژدەبێتەوە بۆ دزی لە بوارەکانی بەبازاڕکردنی نەوت، کڕین و قاچاخچێتی پێوەی و ساختەکردنی دراو”.

عەرەب لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “بازرگانەکە دەچێتە وەزارەتی پیشەسازی و گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵدا واژۆ دەکات بە ڕێژەیەکی دیاریکراو، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە کارگەیەکی دامەزراندووە و دەستی کردووە بە فرۆشتنی بەرهەمەکە بە فەرمانگە حکومییەکان وەک بەرهەمێکی عێراقی، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کارگەیەک بوونی نییە و تەواو وەهمییە؛ ئەوان تەنها بەوە ڕازی دەبن کە هۆڵەکان بەکرێ بگرن یان ئامێری سادە بە بەهای 20 یان 100 هەزار دۆلار بهێنن، پاشان هاوپەیمانییەکی هاوبەش پێکدەهێنن و لەگەڵ پاڵاوگەکانی وەزارەتی نەوت، بەرگری، یان ناوخۆ کاردەکەن. بەو پێیەی کارەکە بە ناوی کۆمپانیایەکی حکومییەوە دەکرێت، یاسا ڕێگە بە لایەنی سوودمەند دەدات کە زیادکردنی ئاشکرا ئەنجام نەدات، بەڵکو تەنها بەشداریکردن بە بانگهێشتی ڕاستەوخۆ بکات کە لەگەڵ ئیدارەکەدا لەسەری ڕێکدەکەون.

Back to top button