
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەم رۆژانەدا دوو پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر دەکرێن.
گوتیشی، لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا چەندین “کەسایەتی گەورە” بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر دەکرێن و ئەمشەو هەڵدەکوترێتە سەر چەند کەسێک.
ئەو چەند زانیارییەکی گرنگ و هەستیاری لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت پێش سەردانەکەی بۆ واشنتن گەندەڵکاران دەستگیربکات.
جەزائیری هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە رۆژانی داهاتوودا 64 کەسی دیکەش دەستگیردەکرێن.
سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکراوەکان تائێستا، ئەو سەرکردەیەی حەشدی دیفاع رایگەیاند: تائێستا 14 پەرلەمانتار و دوو بریکاری وەزیر دەستگیرکراون، هەروەها بەپێی زانیارییەکانم دوو پەرلەمانتاری کوردیش لەنێو داواکراوەکاندان”.
ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەوەشی خستەڕوو کە تیمێکی ئەمریکی لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی داواکراوەکاندا بەشدار دەبن و ئێستا داوا دەکرێت کە سەرجەم دەستگیرکراوەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا دادگایی بکرێن.





