هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی تا ئێستا 100 ملیار دیناری کۆکردووەتەوە

کۆی ئەو پارەیەی تا ئێستا لە ئەنجامی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتارانی عێراق کۆکراوەتەوە، گەیشتووەتە سەروو 100 ملیار دینار.

سەرچاوەیەکی باڵا لە بەغداوە بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، لەکۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ڕایگەیاندووە، هیچ هێڵێکی سوور لە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاراندا بوونی نییە.

وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی، فایەق زێدان لەکۆبونەوەکەدا بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی گوتووە: پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لادەبرێت کە تۆمەتبارن بە دۆسیەکانی گەندەڵی.

لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەت ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکرد، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و حکومەت پلانێکی نهێنییان داناوە بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵی 19 پەرلەمانتاری ئێستا و پێشو، هەروەها ئەو سەرمایەدانەی کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.

سەبارەت بەو بڕە پارانەی تا ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە سەرچاوەکە گوتی: گەیشتووەتە 100 ملیار دیناری عێراقی، لەگەڵ 40 ملیۆن دۆلار، ئەوە جگە لە زێڕ، خانوبەرە، ئۆتۆمبێل و چەک.

Back to top button