ئەو دوو پەرلەمانتارە کێ بوون لە هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی ڕزگاریان بوو؟

لە چوارچێوەی “هەڵمەتی بەرەبەیان”دا کە بەرەبەیانی یەکشەممەی رابردوو لە بەغدا بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەکان چوونە سەر ماڵی دوو پەرلەمانتاری عێراق، بەڵام هەردووکیان هەڵاتوون و تاوەکو ئێستا شوێنیان دیار نیە و خۆیان شاردووەتەوە.

ئەو دوو پەرلەمانتارە سەر بە دوو فراکسیۆنی جیاوازن؛ یەکەمیان حوسێن موئنیس فەرەج عەبدرەزا، سەرۆکی بزووتنەوەی “حقووق” (باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق). دووەمیشیان عەلا سوکەر سەرحان، لە فراکسیۆنی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی.

حوسێن موئنیس لە ساڵی 1971 لە ناوچەی سەدری شاری بەغدا لەدایک بووە. ساڵی 1993 کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی موستەنسەریەی تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیشی لە یاسادا هەیە. موئنیس، کە چەند جارێک لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیر کراوە، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق.

عەلا سوکەر سەرحان جارەڵڵا دلفی، لە ساڵی 1977 لەدایک بووە و نوێنەری پارێزگای بەغدایە لە هاوپەیمانیی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان”. لە خولی رابردوودا پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی “دەوڵەتی یاسا” بووە و وەک ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق کاری کردووە.

Back to top button