ئیسرائیل چۆن بەنیاز بووە قالیباف و عێراقچی تیرۆر بکات؟

رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زانیارییان هەبووە ئیسرائیل پلانی داڕشتووە بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی باڵای شاندی ئێرانی کە بەشدار بوون لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە کە ئیسرائیلییەکان بەنیازبوون “عەباس عێراقچی” وەزیری دەرەوەی ئێران و “محەمەد باقر قالیباف” سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بکەنە ئامانج.

وەک لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا هاتووە، لایەنی ئەمریکی ترسی ئەوەی هەبووە کە کردەوەیەکی تێکدەرانەی لەو شێوەیە ببێتە هۆی پەکخستنی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە بدات.

لەلایەکی دیکەوە، “کازم غەریب ئابادی” جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی چوارشەممە شاندی ئێرانی لە دەوحە دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی قەتەر و پاکستان ئەنجامداوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتنامەکەی نێوان تاران و واشنتۆن.

هاوکات، “ماجید ئەلئەنساری” وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان واشنتۆن و تاران، دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕێبەری باڵای کۆچکردووی ئێران “عەلی خامنەیی” دیاری دەکرێت.

Back to top button